دەروازەی نێودەوڵەتی زێت تا کاتێکی نادیار داخرا - وێنە: راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت
"کێشەکە لە دیوی تورکیاوەیە"
دەروازەی نێودەوڵەتی زێت تا کاتێکی نادیار داخرا
964+
شۆڕش قادری
بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە دیوی تورکیاوە، دەروازەی نێودەوڵەتی زێت لە سنووری ناحیەی شێروان مەزن سەربە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تا کاتێکی نادیار داخرا.
راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت لە ئاگادارییەکدا بڵاویکردەوە، “ئەمڕۆ دووشەممە 17.11.2025 و بەهۆی دروستبوونی کێشەیەکی تەکنیکی، دەروازەی نێودەوڵەتی زێت – دەرەجیک داخراوە، بۆیە داوا لەو هاوڵاتیانە دەکەین کە مەبەستییانە ئەمڕۆ لە دەروازەکەمان گەشت بکەن، ئەزیەت نەکێشێن و رێگاکە نەبڕن، چونکە کاتی کردنەوەی دەروازەکە نەزانراوە”.
ئاماژە بەوەشکراوە کە هۆکاری داخرانی دەروازەکە، روودانی کێشەیەکی تەکنیکیە بۆ سیستەمی دەروازەی دەرەجیک دیوی تورکیا، ئەگینا دیوی زێت هیچ کێشەی نییە، هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
بەڕێوەبەرانی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت، داوای لێبوردن لە هاموشۆکەرانی دەروازەکە دەکەن، بۆ بوونی ئەو گرفتە و دەڵێن، هەرکە رێگاکە کرایەوە، دووبارە هاوڵاتیان ئاگادار دەکەنەوە.