یەکەمین فێستیڤاڵی پەلەوەری جوانی لە هەڵەبجە دەستیپێكرد

پەلەوەر هەیە نرخی دەگاتە 2500 دۆلار

+964

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

رێکخراوی پەلەوەری شاهانە، بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، یەکەمین فێستیڤاڵی پەلەوەری جوانی بۆ بەخێوکارانی پەلەوەر کردەوە، کە تێیدا چەندین جۆر پەلەوەری تێدا نمایشکران.

بڕوا جەلال، خاوەنی مەشتەلی پەلەوەرییە لە هەڵەبجە، بە 964ی وت:” چەندین جۆر پەلەوەری جوانیمان هەیە کە هەم وەک حەزێک و هەمیش بۆ بەدەستهێنانی داهاتێک بەخێویان دەکەین، ئێمە زیاتر پۆڕ بەخێو دەکەین و نرخەکەشیان بە پێی خواست و جۆرەکەی دەگۆڕێت، ئیشەکەش هەم قازانج و هەمیش زەرەری تێدایە،  ماوەی پێشوو جووتێک پۆڕمان لە چینەوە هێنا، کە نرخەکەیان نزیکەی دوو هەزار و 500 دۆلار دەبوو، لێرە هەردووکیان مردن”.

ئازاد محەمەد، بەخێوکاری پەلەوەرە و لە شارەزوورەوە بەشداریی کردووە، دەڵێت:” نرخی پەلەوەرەکانم تا نزیکەی هەزار و 500 دۆلار دەڕوات، قاتی سێیەمی ماڵەکەمم تەرخان کردووە بۆ پەلەوەرەکانم، چونکە ئەمە حەز و خولیایەکە هەمە، هەر کەسێکیش ئەم پەلەوەرانە بکڕێت بۆ جوانی و حەزی خۆی بەخێویان دەکات، چونکە کەس دڵی نایەت ئەو هەموو پارەیە بداتە پەلەوەرێک و گۆشتەکەی بخوات”.

فێستیڤاڵی پەلەوەری جوانی، یەکەم جارە لە هەڵەبجەدا دەکرێتەوە و تا ئێوارە بەردەوام دەبێت، پەلەوەرەکان هەم بۆ نمایش و هەمیش بۆ فرۆشتنن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

شوێنی فێستیڤاڵی پەلەوەری لە هەڵەبجە گوازرایەوە بۆ هەف...

شوێنی فێستیڤاڵی پەلەوەری لە هەڵەبجە گوازرایەوە بۆ هەفتەبازاڕی کشتوکاڵی