شه‌ش نیشانه و ئاماژه هه‌ن بیانخوێنه‌وه
چۆن ڤیدیۆی دروستکراوی AI لە ڤیدیۆی راستەقینە جیاده‌كه‌یته‌وه ؟
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
رۆژانە و به‌شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام، ژمارەیەکی زۆر لە ڤیدیۆی دروستکراوی زیرەکی دەستکرد AI لە پلاتفۆرمە جۆربه‌جۆره‌کانی سۆشیال میدیادا بڵاودەبێتەوە، هه‌ندێكیان ئه‌گه‌ر به وردى دیقه‌ت نه‌درێن وا ده‌زاندرێت كه ڤیدیۆكه دروستكراو نییه و راستییه، به‌ڵام پێگەی تەکنەلۆجیای ZDNETشه‌ش نیشانه و ئاماژه‌ت بۆ روونده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانیت ڤیدیۆیه ساخته و دروستكراوه‌كان له‌گه‌ڵ ڤیدیۆى راسته‌قینه له‌یه‌كترى جیابكیه‌ته‌وه.
پێگه‌كه ده‌ڵێت، لە ئێستادا جیاکردنەوەی ڤیدیۆی راستەقینە لە ڤیدیۆ ساختەکان لە جاران قورس‌تر بووە، بۆیه پێویسته ئه‌م شه‌ش خاڵه‌ى خواره‌وه له‌به‌رچاوبگریت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانیت ڤیدیۆی دروستکراوی AI جیابكه‌یته‌وه:
هەڵەی بەردەوام
لە هەر ڤیدیۆیەکی گوماناویدا بە وردی سەیری سێبەر و رووناکی بکە، دڵنیابە کە هەموو شتێک یەکدەگرێتەوە، یاخود دیمەنە نامۆکان وەکو ونبوونی لەناکاوی رووخسارەکان.،هەروەها ئەو توخمانەی کە دەردەکەون و نامێنن، یاخود جوڵەی هەڕەمەکی، هەموویان نیشانەی گرتە ڤیدیۆییەکانی دروستکراوی AIن.
ڤیدیۆی نا روون و کوالیتی خراپ
کاتێک گرتە ڤیدیۆیەک دەبینیت، کە وا دەردەکەوێت بە کامێرای ساڵانی نەوەدەکان گیراوە، یەکسەر لە خۆت بپرسە بۆچی گرتە ڤیدیۆییەکان بەم شێوەیە خراپ دەردەکەون؟ لە کاتێکدا لە ساڵی 2025دا هیچ ڤیدیۆیەکی راستەقینە نابێت ئەوەندە کوالیتی خراپ بێت.
دیمەنی سەیر و ناڕاست
رەنگە گرتە ڤیدیۆییەکانی زیرەکی دەستکرد دیمەنی سەیر و ناڕاستی تێدا بێت، وەکو ئەوەی کەس چاوی ناتروکێنێت، یاخود دیمەنەکە وەکو ئەوە وایە لە فیلیمێکی سینەماییەوە وەرگیرابێت.
جوڵەی خاو
ئاماژەکانی دیکە کە ڤیدیۆیەک رەنگە AI بێت بریتیە لە جوڵەی خاو، ئایا تێبینیت کردووە کە ئەم ڤیدیۆیانەی AI جوڵەکان چەند نامۆ دەردەکەون؟.
کێشەکانی رێکخستنی دەنگ
جگە لە چاوەکانت، دەتوانیت گوێچکەکانت بەکاربهێنیت بۆ دیاریکردنی ئەو ڤیدیۆیانەی کە لەلایەن AI دروستکراوە، لە ڤیدیۆی راستیدا، جوڵەی دەم و بیستنی وشەکان لەیەک کاتدایە، لەبەرئەوە بە وردی سەیری بکە، بۆئەوەی دڵنیا بیت کە جوڵەی دەم لەگەڵ وشەکاندا لەیەککاتدایە.
دیمەنەکان کە باوەڕپێکردنی قورسە
بۆ نموونە منداڵێکی خوار تەمەن یەک ساڵ کە نمایشی مۆدێلێکی جلوبەرگ دەکات، لە کاتێکدا منداڵی ئەم تەمەنە بە گشتی ناتوانن بە پێ بڕۆن، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە کە ڤیدیۆکە لەلایەن AI ەوە دروستکراوە.