بنکەیەکی دەنگدان
ناوەندێكی شارەزای هەڵبژاردنەكان وا دەڵێت
“رێژەی بەشداریی هەڵبژاردنی عێراق 40.95%یە”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ناوەندێكی شارەزای بواری هەڵبژاردنەکان رێژەی راستەقینەی دەنگدەرانی لە هەڵبژاردنی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا کرد و ئاماژەی بەوەكردووە، بەشدارییەكە لە 41% تێنەپەڕیوە، ئەمەش پێچەوانەی ئەو ئامارەیە، كە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە.
دوێنێ سێشەممە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، دوای چەند کاتژمێرێک لە کۆتاییهاتنی ماوەی دەنگدانی گشتی و داخستنی بنکەکانی دەنگدان، رایگەیاند کە رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران گەیشتووەتە زیاتر لە 55%.
لە بەرامبەر ئەوەدا ناوەندی (الخبرة الانتخابية) كە تایبەتمەندە بە لێكۆڵینەوەی هەڵبژاردنەكان، ئەمڕۆ چوارشەممە 12.11.2025 بڵاویکردەوە، بەپێی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رایگەیاندووە، ژمارەی دەنگدەرانی هەڵبژاردنی گشتی گەیشتووەتە 10,898,327 دەنگدەر، هاوکات ژمارەی دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەتیش گەیشتووەتە 1,084,289 دەنگدەر، بەمەش کۆی گشتی دەنگدەرانی هەردوو هەڵبژاردنی گشتی و تایبەت گەیشتووەتە 10,898,327 دەنگدەر، هەروەها 11,982,616 لە کۆی 21,404,291 دەنگدەری بایۆمەتری تۆمارکراو بە پشتبەستن بەم بابەتە و بەپێی داتاکانی كۆمیسۆن، رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنە تایبەت و گشتییەکان گەیشتە 56.02%.
سەنتەرەکە روونیکردەوە، “ئەم شێوازەی حیسابکردنە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییە پەسەندکراوەکاندا ناگونجێت بۆ پێوانەکردنی رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران، بەپێی ئەو میتۆدە زانستیانەی کە لەلایەن کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی سیستمی هەڵبژاردنەکان (IFES) و پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ دیموکراسی و هاوکاری هەڵبژاردنەکان (IDEA) و ئۆفیسی چاودێریکردنی دامەزراوەکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ (ODIHR) بۆ چاودێریکردنی ئەرکەکانی OSCE بەکارهێنراون، پێویستە رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لەسەر بنەمای پێوانە دیاریی بکرێت، كە لەسەر کۆی ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی کە بە فەرمی تۆمارکراون، نەک تەنیا ئەوانەی کە بە شێوەی بایۆمەتری تۆمارکراون”.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، “بەو پێیەی کۆی گشتیی دەنگدەرانی تۆمارکراو لە عێراقدا 29,253,260 کەسە، رێژەی بەشداریکردنی ورد، بەپێی ئەم ستانداردە زانستییە نێودەوڵەتییە، تەنیا 40.95%یە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەو رێژەیەی کۆمسیۆن رایدەگەیەنێت (56.02%)، رەنگدانەوەی رێژەی بەشداریکردنی ئەو کەسانەیە کە بەشێوەی بایۆمەتری تۆمارکراون، نەک رێژەی بەشداریی گشتیی تەواوی دەنگدەران”.
ناوەندەکە جەختی لەوە کردەوە، “بە پشتبەستن بە ستانداردە تەکنیکییەکانی و چاودێریکردنی بەردەوامی پرۆسەکانی هەڵبژاردن”، گرنگی گرتنەبەری رێبازێکی ئاماری دروست لە راگەیاندنی رێژەی بەشداریکردن بەگوێرەی باشترین پراکتیزەکان، و دەستەبەرکردنی شەفافیەت و وردبینی و متمانە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
ناوەندی (الخبرة الانتخابية) چییە؟
وەك لە ناساندنی خۆیان لە ماڵپەڕی فەرمیی ناوەندەكەدا هاتووە، ناوەندەكە لە 2020 بە ئامانجی هاوسەنگبوون لەگەڵ ئەزموونی هەڵبژاردن لە عێراق و سەرقاڵبوون بە چاودێریکردنی وردەوە دامەزراوە، وەک سەکۆیەکی تایبەتمەند بۆ لێکۆڵینەوە و شیکردنەوە و داڕشتنی سیاسەت کاردەکات بە ئامانجی بەرزکردنەوەی یەکپارچەیی و شەفافیەت و کارایی پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراقدا.