فەرمانگەی هەڵبژاردن:

رێژەی بەشداریی دەنگدانی تایبەت لە كوردستان 98% بوو

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بە سەرکەوتوویی لە سەرانسەری هەموو ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تەواو بووە و ئاماژەی بەوەدا، رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە کوردستان گەیشتووەتە 98%.

نەبەرد عومەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئێوارەی ئەمڕۆ لە هەولێر، دوای كۆتاییهاتنی دەنگدانی تایبەتی رایگەیاند، “پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بەبێ هیچ کێشەیەکی بەرچاو بە ئاسانی بەڕێوەچوو، هەموو ئەو كێشانەی لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا سەریان هەڵدا، بە تەواوی چارەسەرکران، بۆیە ئەمجارە رێکخراو و سەرکەوتوو بوو”.

ئاماژەی بەوە شکرد، رێژەی بەشداریکردنی گشتیی دەنگدەران 98% بووە، تا ئێستا هیچ تانەیەکیان پێنەگەیشتووە”.

ئێوارەی ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رێژەی بەشداری دەنگدەران لە دەنگدانی تایبەتدا 82.42% بووە.

سەرۆکی دەستەی کۆمسیارانی کۆمسیۆن، عومەر ئەحمەد رایگەیاند، “دەنگدانی تایبەت لە ژینگەیەکی دڵنیادا ئەنجامدراوە، بە کۆی گشتی 1.1 ملیۆن بەشداربوو لە کۆی 1.313 ملیۆن دەنگدەری تۆمارکراو، کە دەکاتە رێژەی بەشداریکردنی 82.42% بەشدار بوون.

عومەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەش دا “4501 بنکەی دەنگدان بۆ دەنگدانی تایبەت هەبووە، 97 وێستگە بۆ ئاوارەکانی ناوخۆش هەبووە”.

ئەمڕۆ یەكشەممە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، چاوەڕوانیش دەكرێ سێشەممەش دەنگدانی گشتییش بەڕێوەبچێت.

رێژەی بەشداربوونی دەنگدانی تایبەت 82.42% بوو

رێژەی بەشداربوونی دەنگدانی تایبەت 82.42% بوو