تۆمارى بایۆمەتریان نوێ نه‌کردووەتەوە

نۆ ملیۆن كه‌س له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌نگدان بێبه‌شن‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ى ئه‌وان بۆ ده‌نگدان پشتى پێده‌به‌ستن ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ تۆمارى بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە ئه‌وانه‌شی نوێیان نه‌كردووه‌ته‌وه‌ و بێبه‌ش ده‌بن له‌ ده‌نگدانه‌كه‌ بریتین له‌ نۆ ملیۆن كه‌س.

به‌پێی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كانى كۆمیسیۆن، لە کۆى 46 ملیۆن كه‌س له‌ عێراق، نزیکەى 30 ملیۆن عێراقى مافى بەشداریکردنیان هەیە لە هەڵبژاردنى ئه‌مجاره‌ هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ناو ئه‌م ژماره‌یه‌دا  نزیکەى نۆ ملیۆن کەسیان بێبەش دەبن، چونكه‌ رێژه‌ى به‌شداریكردن له‌سه‌ر بنه‌ماى کۆى گشتى دەنگدەران نییه‌.

عیماد جەمیل سەرۆکى تیمى راگەیاندنى کۆمسیۆن راگەیاند، دیاریکردنى رێژەى بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، ئەو رێگەیە كه‌ لە هەڵبژاردنى ساڵى 2021 بۆ یەکەمجار پەیڕەوکرا، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانى رابردوو رێژەکە لەسەر بنەماى کۆى گشتى ئەو کەسانەى مافى دەنگدانیان هەیە دیاری دەکرا.

گۆڕینى شێوازى دیاریکردنى رێژەى بەشداریکردن لە هەڵبژاردن لە ساڵى 2021 کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە، بەو پێیەى رێژەى راستەقینەى بەشداریی و بایکۆت دەرناخات.

لە هەڵبژاردنى ساڵى 2021 بەپێی ئامارەکانى کۆمسیۆن رێژەى بەشداریکردن 41% بوو، لەکاتێکدا رێکخراوەکانى بوارى هەڵبژاردن جەختیان دەکردەوە رێژەکە زۆر لەوە کەمتر دەبوو ئەگەر لەسەر بنەماى کۆى گشتى دەنگدەران رێژەکە دیاری بکرایە.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2003ـەوە، سیستمی یەك بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاكان لە چوار هەڵبژاردنی سەرەتادا پەیڕەوكرا، لە دوایین هەڵبژاردنی ساڵی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنحومەنی نوێنەرانی، بەپێی سیستمی فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دیاری كرا.

كۆی گشتی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق، 329 كورسییە، كە 320 كورسی گشتییە. لەو ژمارەیەش 83 كورسی بۆ ژنانە. 9 كورسی بۆ كۆتای پێكهاتەكانە، مەسیحی 5 كورسی، كوردی فەیلی و سابیئە مەندائی و ئێزیدی و شەبەك، هەریەكە و یەك كورسییان هەیە.

لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، پارێزگای سلێمانی 18 كورسی هەیە پێنج كورسی بۆ كۆتای ژنان، هەولێر 16 كورسی، یه‌ك كورسی بۆ مەسیحی و چوار كورسی بۆ ژنانە، دهۆك 12 كورسی، یه‌ك كورسی بۆ مەسیحی و سێ كورسی بۆ ژنانە.

زیاتر لە 2000 زیندانی لە دەنگدان بێبەش بوون

زیاتر لە 2000 زیندانی لە دەنگدان بێبەش بوون