سەرەتای ساڵی نوێ دیدارێكی بازرگانی دەكرێت

هانی كۆمپانیاكانی بولگاریا دەدرێت لە كوردستان وەبەرهێنان بكەن

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکی بەشی ئابووری و بازرگانی لە باڵیۆزخانەی بولگاریا لە عێراق لە هەولێر كۆوبونەوەتەوە و هانی لایەنی بولگارییان داوە كۆمپانیاكانیان بێنە كوردستان كار بكەن و ئاسانكارییان بۆ دەكەن، رێكەوتنیش كراوە

لەمبارەیەوە كامەران محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە 6.11.2025 بە 964ی راگەیاند، لە هەولێر كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی بەشی ئابووری و بازرگانی لە باڵیۆزخانەی بولگاریا لە عێراق ڤاسیل ڤاسیلێڤ كردووە و باسی پەیوەندیی بازرگانی نێوان هەرێم و بولگاریا كراوە.

وتیشی، ڤاسیل ڤاسیلێڤ، سەرۆکی بەشی ئابووری و بازرگانی لە باڵیۆزخانەی بولگاریا لە عێراق، پێی راگەیاندن ئەوان هانی کۆمپانیا بولگارییەکان دەدەن بۆ پەیوەندیبەستن لەگەڵ کۆمپانیا کوردستانییەکان، کۆمپانیاکانیشیان ئارەزووی هاتنە ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، سەرۆكی ژوور و ئەنجومەن ئەوەیان بۆ لایەنی بولگاری روونكردووەتەوە، دەرفەتی کار و وەبەرهێنان لە گشت سێکتەرەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە، هاوکار و هەماهەنگی كۆمپانیا بولگارییەكان دەبن ئەگەر ئارەزووی کارکردنیان لە هەرێمی کوردستان هەیە.

كامەران محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا رێکەوتن بۆ دانانی پڕۆگرامێك، بۆ ئەنجامدانی دیدارێکی بازرگانی لە نێوان کۆمپانیاکانی بولگاریا و هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵی داهاتوو.

ژووری بازرگانانی هەولێر و ئورفا یاداشتێكی لێكتێگەیشتن...

ژووری بازرگانانی هەولێر و ئورفا یاداشتێكی لێكتێگەیشتن واژۆ دەكەن