ئایا خواردنى هێلكه‌ى "هه‌وێرده" منداڵ به‌قسه دێنێت؟
هه‌ولێر وه‌كو كلتوور بڕواى پێیه‌تى به‌ڵام زانست ره‌تى ده‌كاته‌وه
964+
رێباز خدر – هەولێر
جاران كه منداڵێك له زكماكه‌وه قسه‌ى نه‌كردبا، یاخود قسه‌نه‌كردنه‌كه‌ى هۆكارێكی دیكه بوایا، هێلكه‌یه‌كی “هه‌وێرده”یان پێده‌دات گوایە وەقسەدێتەوە، ئه‌م بڕوایه له‌ناو هه‌ولێرییه‌كان باو بوو كه خواردنى هێلكه‌كه منداڵه‌كه دێنێته‌گۆ، هه‌رچه‌نده ئێستا ئه‌مه وه‌كو كلتوور له هه‌ولێر ماوه، به‌ڵام زانستى پزیشكى پێچه‌وانه قسه ده‌كات و ده‌ڵێت “ناتوانێت ئه‌م كاره بكات”.
حاجی شوکر محەمەد، ماوەی 40 ساڵە لە بازاڕی مەیدانی په‌له‌وه‌رى هەولێر دوکانی فرۆشتنی مریشك و هێلکەی هەیە له‌و هێلكانه‌ى ده‌یفرۆشێت هی “هه‌وێرده”یه، بەقسه‌ى حاجى كه بۆ 964 دواوه، ئەم هێلکەیە سودێکی زۆر باشی هەیە و لە کۆنەوە خەڵکی دەیکڕن و کڕیاریشی له زۆر شوێن هه‌بووه.
ده‌شڵێت “هەبووە ئەم هێلکەیه‌ى کڕیوە و منداڵەکەی توانای قسەکردنی بۆ گەڕاوەتەوە، هه‌شیانه بۆ چاره‌سه‌رى بڕبڕەی پشت و سەوەفانی قاچیش ده‌یكڕن”.
به‌ڵام، دکتۆر محەمەد حەسەن، كه پزیشکی پسپۆڕی خۆراک و گەشەپێدانی منداڵانه به‌وشێوه‌یه مه‌دح و سه‌ناى ئه‌م هێلكه‌یه ناكات، ره‌تی ناكاته‌وه كه هێلكه‌كه هیچ سودێكی نه‌بێت، به‌ڵام بە 964 ـى وت ” تاوه‌كو ئێستا هیچ توێژینەوەیەک نیە، بیسەلمێنت کە منداڵێک کە توانای قسەکردنی نەبێت لە رێگەی خواردنی ئەم هێلکەیەوە بتوانێت قسە بکات، لە رووی زانستی پزیشکیەوە ئه‌مه دوورە لە راستییه‌وه”.
د, محه‌مه‌د بڕواى وایه، كه ئەم جۆرە هێلکەیە سودێکی زۆر باشی هەیە و دەتوانرێت سوودی لێ ببیندرێت بۆ جەستەی منداڵ، چونکە ماددە و پێکهاتەی زۆر بەسودی تێدایە و باشتریش وایه به كوڵاوى بدرێته منداڵان.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن