لە شارەزوور 

کامێرای چاودێری بۆ ئەو کەسانە خۆڵ و خاشاک فڕێدەدەن دانرا

964+

توانا نەقی

ئەوەندە خەڵکی چەند گەڕەک و شوێنێکی شارەزوور زبڵ و خاشکیان فڕێداوە شارەوانی ناچار بووە کە کامێرای چاودێری بۆ ئەو شوێنانە دابنێت و هەرکەس ئەمجارە ئەو کارە بکات سزای دەدەن.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارەزوور بڵاویکردەوە، لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەی فڕێدانی خۆڵ و خاشاک و پاشماوەی خانووبەرە، کە هەندێک هاوڵاتی نابەرپرسانە لە ناو شار و لە شوێنە گشتیەکان فڕێی دەدەن، لەسەر تێچووی کۆمپانیای گەردین، شارەوانی هەستا بە دانانی چەند کامێرایەکی چاودێری.

ئەو شوێنانەی کە کامێرای چاودێرییان لێدانراوە پێکهاتوون لە:

– نزیک مزگەوتی قازی محمد.
– ناوەڕاستی گەڕەکی رۆژئاوا نزیک بیرەکەی مامە محمد.
– سەرجادەی گشتی شارەزوور – سەیدسادەق نزیک خانووەکانی کۆمپانیا.

شارەوانی ئاماژەی بەوە کردووە، هەوڵ دەدەن بۆ زیادکردنی کامێراکان لە چەند شوێنێکی تری ناوشار، بۆیە ئاگاداری هاوڵاتیان دەکەین چیتر خۆڵ و خاشاک فڕێنەدەن بەپێچەوانەوە رێکاری یاسای توند دەگرینەبەر لە دژی ئەو هاوڵاتییانەی سەرپێچی دەکەن.

هەروەها دەڵێن، داواکارین سەرجەم هاوڵاتیان وێنە و زانیاری ئەو هاوڵاتییانەمان بۆ بنێرن، کە بە دەست و بە ئۆتۆمبیل و تراکتۆر و گەڵابە و ماتۆری سێ تایە، یان بەهەر کەرەستەیەکی تر خۆڵ و خاشاک فڕێدەدەن.