قەزای دوزخورماتوو - وێنە: 964
"بۆ کتێبی کوردی دەبێ بچنە شارەکانی دیکەی کوردستان"
نەبوونی کتێبخانە رۆشنبیران و نووسەر و خوێنەرانی کتێبی لە خورماتوو نیگەران کردووە
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
نەبوونی کتێبخانە لە خورماتوو رۆشنبیران و نووسەر و خوێنەرانی کتێبی لەو شارە نیگەران کردووە، ئەگەرچی لە قەزاکەدا کتێبخانەیەکی گشتی هەیە، بەڵام ئەویش زۆرینەی کتێبەکانی بە زمانی عەرەبیە، بۆیە نووسەر و خوێنەرانی کورد سودێکی ئەوتۆی لێ نابینن.
لە رابردوودا قاوەخانەیەکی کەلتوری لە قەزاکەدا هەبوو و لەلایەن کۆمەڵێک گەنجی خۆبەخشەوە بەڕێوە دەبرا کە سەرجەم نووسەر و رۆشنبیران و خوێنەرانی کتێبی کۆکردبووەوە، بەو پێیەی ئەو شوێنە زۆرترین کتێبی زمانی کوردی لەخۆگرتبوو، بەڵام ئەویش بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی مادییەوە داخرا.
ئێستا ئەگەر کەسێک بیەوێت کتێبێکی کوردی بخوێنێتەوە، دەبێت سەردانی شارەکانی هەرێم بکات، یان لەرێگەی ئۆنلاینەوە بەدەستی بهێنت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری