دێرینترین مزگەوتی سلێمانییە
مزگەوتی ئابڵاخی كۆن بەشێوازێكی كەلەپوری دروستكرایەوە
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
ئەمڕۆ هەینی، 31.10.2025 پاش دووساڵ كاركردن تێیدا، مزگەوتی ئابڵاخی كۆن لە سلێمانی لەسەر شێوازی كەلەپوری و بەكارهێنانی خشت سەر لەنوێ دروستكرایەوە.
دووبارە دروستكردنەوەی مزگەوتەكە لەسەر ئەركی دانیشتووانی گەڕەكی ئابڵاخ و لە ژێر سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی ئەنجام دراوە.
مێژووی مزگەوتەكە 245 ساڵ لە پێش دروستبوونی شاری سلێمانییەوەیە، لەساڵی 959 كۆچی، بەرامبەر 1539 زاینی بە قوڕ و بەرد لەلایەن خەڵكی ئابڵاخەوە دروستكراوە.
لەساڵی 1957 بەبەردی مەڵكەندی نۆژەنكراوەتەوە، دواتر لە 1980 مزگەوتەكە سەرەكەی لە قوڕەوە كراوە بە چیمەنتۆ.
بۆ بنیاتنانەوەی مزگەوتەكە، خشتی ئەسفەهانی بۆ بەكارهێنراوە، وەكو شوێنێكی شوێنەواری كۆن لێی دەڕوانرێت و بۆیە شوێنەواری سلێمانی خۆی سەرپەرشتی دروستكردنەوەی مزگەوتەكەی كردووە.
رووبەری مزگەوتەكە 692 مەترە، لە دروستكردنەوەشیدا 540 هەزار دۆلاری تێدا سەرفكراوە و سەرجەم كەرەستەكانی كە تێیدا بەكارهاتووە بەتایبەت بۆی دابین كراوە، ئەم هەینییە پاش دووساڵ لە تێكدان و سەر لەنوێ دروستكردنەوەی یەكەم نوێژی هەینی تێدا ئەنجام درایەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی