رێگاوبانیش دەڵیت ئاگادار نین
کارکردن لە بەرزە پردەکەی ژاڵەناو راگیرا
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لە ناوەڕاستی مانگی نۆ دەستکرا بە کارکردن لە دروستکردنی بەرزەپردێک لە دەربەندیخانەوە بۆ رێگای ژاڵەناو و گوندەکانی ئەو سنوورە، بەڵام ماوەی دوو رۆژە کارکردن لە بەرزە پردەکە راگیراوە.
درێژی بەرزەپردەکە نزیکەی 60 مەترە، بە تەواوکردنی گرفتی یوتێرن بۆ ئەو شۆفێرانە چارەسەر دەکات کە لە دەربەندیخانەوە دەڕۆنە گوندەکانی ناحیەی مەیدان و مەرزی پشتە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پرۆژەکە کە نەیویست ناوی بھێنرێت بە 964ـی وت، ماوەی دوو رۆژە کارکردن لە بەرزە پردەکەی ژاڵەناو راگیراوە و بەھیچ شێوەیەک کاری تێناکرێت.
“خەرجنەکردنی پارە بۆ پرۆژەکە ھۆکاری راگرتنی کارەکانیەتی، تا ئەوکاتەش پارەی بۆخەرجنەکرێت دەستناکرێتەوە بە کارکردن”،ئەو سەرچاوەیە وای وت.
عوسمان محەمەد، خاوەنی کۆمپانیای بێشکان جێبەجێکاری پرۆژەکە بە 964ـی وت، “ھیچ قسەیەک ناکەین لەسەر ئەو بابەتە و پەیوەندی بە رێگاوبانی گەرمیان بکەن”.
لەمبارەیەوە 964، پەیوەندیکرد بە عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری رێگاوبانی گەرمیان وتی،”ئاگادارنین لە راگرتنی کارکردن لە بەرزە پردەکەی ژاڵەناو”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی