لە هەولێر
رۆبۆتێک ناوی دارۆیە و بووە بە راهێنەری منداڵانی ئۆتیزم
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
لە هەولێر سەنتەرێک کراوەتەوە، کە تایبەتە بە منداڵانی ئۆتیزم و لەو سەنتەرە بەشێکی راهێنانەکان کە بەمنداڵەکانی دەکەن لەرێگای رۆبۆتێکەوەیە بەناوی دارۆ.
چیا کاوە، مامۆستا لە سەنتەری دارۆ باسی رۆبۆتەکەی بۆ 964کرد و وتی، سەنتەری دارۆ وەکو یەکەم سەنتەر لە کوردستان و عێراق رۆبۆتی وەکو بەشێک لە راهێنان کردن بەمنداڵانی ئۆتیزم بەکار هێناوە، چونکە وەکو دەزانرێت داهاتوو بۆ تەکنەلۆژیایە و ئێمەش لەئێستاوە منداڵەکان بۆ ئەو داهاتووە ئامادە دەکەین.
رۆبۆتەکە دەتوانێت وشە و رستە بەمنداڵەکان بڵێت پرۆگرامی لەسەر دادەنرێت و ئەوەی کە مامۆستا دەیەوێت بە رۆبۆتەکەی دەدات، ئەمەش دەبێتە هاوکاری مامۆستاکە بۆ راهێنانکردن بە منداڵەکان و ئێستاش 10منداڵ لە سەنتەرەکە بۆ بەشێکی راهێنانەکەیان دارۆ بەکاردەهێنن.
مامۆستا چیا کاوە وتی، پێشووتریش منداڵ هەبووە راهێنانی پێیکراوە و ئێستا زۆر باش بووە و پێویستی بە راهێنان نەماوە.
رۆبۆتی دارۆ نابێتە جێگرەوەی مامۆستا، بەڵام یارمەتی دەرێکی باشی مامۆستاکانە، جیا لە راهێنان پێی کردنیش دارۆ هەموو داتا و ئامارەکانی منداڵەکانیش تۆمار دەکات کە چەند وشە و رستە فێربوونە و دەتوانێت هەفتانە یان مانگانە داتاکان بدات بە سەنتەرەکە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا