بەزمی مام سامی تەواو نابێ
لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر هێشتا مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بە دیناری کۆنی عێراقییە
964+
رێباز خدر
کاتێک بۆ کڕینی ئاژەڵ، سەردانی مەیدانی ئاژەڵان دەکەیت لە هەولێر، مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ لەسەر دەستووری کۆنی خۆیانە، کە بە پارەی کۆنی دیناری عێراقی و دەستخستنەناو دەستی یەکتری ئەنجام دەدرێت.
سامی محەمەد سوڵتان پیاوێکی دیاری مەیدانی ئاژەڵانە و بە مام سامی و بە پیاوێكی قسەخۆش ناسراوە، ئەو زیاتری 30 ساڵە کاری کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ دەکات، بە 964یشی وت، “ئەگەر بتەوێت ئاژەڵێک بکڕیت، ئەوا پێویستە مامەڵەکە بە دیناری کۆنی عێراقی بکەیت، واتا بۆ هەر دینارێکی کۆن دەکاتە 150 دیناری پارەی ئێستا، ئەمەش بووەتە کولتووری نێو مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر و بەم شێوەیەش بەردەوام دەبین و دەستبەرداری نابین”.
مەغدید خالید، ناسراو بە مام مەغدید، ئەویش یەکێکی ترە لە فرۆشیارە کۆنەکانی مەیدانەکە، باس لەوە دەکات، “ئێمە لێرە کاتێک ئاژەڵێک بە کڕیار دەفرۆشین، پێویستە دەست بخەینە ناو دەستی یەکتری و مامەڵەکە بەردەوامی پێدەدەین، لەسەر ئەو نرخە رێکدەکەوین کە پێکهاتووین لەگەڵ یەکتری، ئینجا دواتر پارەکە دەکەینەوە نرخی پارەی ئێستا، کە بۆ هەر دینارێک 150 دیناری ئێستا وەردەگرین، بەم جۆرە کولتوور و شێوازی فرۆشتنی ئاژەڵ لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر دەپارێزین و بەردەوامی پێدەدەین.
مەیدانی ئاژەڵان لە هەولێر، دەکەوێتە سەر رێگای ناحیەی کەورگۆسک بە دووریی 10 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێر، هەموو رۆژانی شەممە و دووشەممە و چوارشەممەیەک کراوەیە بە رووی کڕیار و فرۆشیارانی ئاژەڵ.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا