گەورەترین دزی سەدە
بە حەوت دەقە و لە رۆژی رووناکدا پاریس رووتکرا
964+
ژێوار خدر
گەورەترین دزی سەدەی 21 دوو رۆژ لەمەوبەر لەناو دڵی پاریس و لە مۆزەخانەی بەناوبانگی لۆڤەر روویدا، بەڵام ئەمە دزییەکی ئاسایی نەبوو، میدیاکان بە “کارەساتێکی نەتەوەیی” ناوی دەبەن.
چوار دز بە جلوبەرگی کرێکار وەک فیلمەکانی هۆڵیوود چوونە ناو مۆزەخانەکە و راستەوخۆش بۆ ئەو ژوورەی کە ئەو خشڵ و گەوهەرانەی تێدا پارێزراوە کە پاشا و شاژنەکانی فەڕەنسا بەکاریانهێناوە.
دزەکان بێ ئەوەی کات بەفیڕۆ بدەن، چوونەتە سەر کار و نۆ پارچە خشڵ و گەوهەریان دزیوە کە بەهاکەیان سەدان ملیۆن دۆلارە، یەکێک لە پارچەکان هی خێزانی دووەمی ناپڵیۆنە و 2438 ئەڵماسی تێدایە، ئەوەی لە هەمووی سەیرترە، شێوازی دزی کردنەکەیە، چونکە رێک بە رۆژی رووناک ئەنجامیانداوە، لە کاتژمێر 9 و نیوی بەیانی ئەو دزانە بڕیاریاندا بە جلی کرێکارەوە بڕۆنە ناو مۆزەخانەکە، سەرەتا بە ڤانێکی پەیژەدارەوە هاتن لە باڵکۆنی نهۆمی دووەمی مۆزەخانەکەوە بە کۆسەرە پەنجەرەکانیان بڕیەوە و رۆیشتنە ژوورەوە، لەوێش بە هەمان کۆسەرە ژێری ئەو بۆکسە شوشانەیان بڕیەوە کە خشڵ وگەوهەرەکانی تێدا دانراوە و خشڵەکانیان دەرکرد و بۆکسەکانیان وەک خۆی دانایەوە، لە کاتی هاتنەدەرەوەکەیان و راکردنیان تاجێکی ئەڵماس و زموردیان لێکەوت، کە تاجەکە هی ئیمپراتۆر یۆجینی سێیەمین هاوسەری ناپلیۆنی سێیەم، واتە کوڕەزای ناپلیۆن بووە.
هەر ئەو کاتە دزەکان هەوڵیاندا بەڵام نەیانتوانی ڤانەکە لە دوای خۆیان بسوتێنن، دواتریش سواری دوو ماتۆڕسکیل بوون و رایانکرد و لەو کاتەوە بزرن کەس شوێن و مەکانیان نازانێت، لە هەمووی سەیرتر چوونە ژوورەوە و هاتنە دەرەوەکەیان تەنیا چوار خولەکی ویست و هەموو پڕۆسەی دزیکردنەکە تەنیا حەوت خولەکی خایاند.
ئارسەر براند کە لێکۆڵەرێکی هونەری هۆڵەندیە و پێشتر تابلۆی ڤان گوخی بە ملیۆنان دۆلار گەڕاندووەتەوە، ئەم دزیەی بە دزی سەدە ناوبرد و دەڵێت، پۆلیس تەنیا یەک هەفتەی لەبەر دەستە بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەو دزانە، ئاسەوارەکان رەنگە هێشتا لە ناو پاریس بن، بەڵام ئەگەر زیاتر بخایەنێت، ئەوا ئاسارەکان پارچە پارچە دەکەن و بۆ هاتەهەتایە لەناودەچن.