لە 100 توشبوو، یەکێکیان پیاوە

لە پێنج ساڵدا 25 پیاو تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون

964+

ئەحمەد مستەفا

لە پێنج ساڵی رابردوو، 25 پیاو تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون، ئەو داتایە لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی تۆمارکراوە، کەسی یەکەمی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لە شارەکە دەڵێ، هەمان ئەو نیشانەی لە شێرپەنجەی ژنان هەبووە، لە پیاوانیش بەدی کراوە.

زۆرینەی نەخۆشە پیاوەکان پێش یەکلاکردنەوەی دۆخی نەخۆشییەکەی، گرێ یان ئازار- یان هەبووە.

بە گوێرەی سۆراغی 964، لە ساڵی 2020 بۆ 2025 و لە پێنچ ساڵدا، تەنیا لە نەخۆشخانەی هیوا کە دیارترین سەنتەری روبەڕبوونەوە و چارەسەری شێرپەنجەیە لە سلێمانی، رێژەی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک کە تۆمارکرابێ گەیشتووە بە دوو هەزار و 660 کەس، لەو رێژەیە 25 کەسیان پیاو بوون، ئەوانی دیکە ژن.

ئەمڕۆ دووشەممە 20.10.2025، دکتۆر محەمەد عەلی، بەڕێوەبەری هۆبەی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی شێرپەنجە لە سلێمانی بە 964ی وت، ساڵانە رێژەی توشبوونی پیاوان بە شێرپەنجەی مەمک، لە سەدا یەک بۆ سەدا دووە، بەپێوەری سەدی 99%ی توشبووەکان ژنان.

ئەو پیاوانەی توشی شێرپەنجەی مەمک بوون، کۆ نیشانە یان هاوبەشی نیشانەیان لەگەڵ ژنان هەبووە، لەبارەی پڕۆسەی چارەسەرکردن، دکتۆر محەمەد وتی، بۆ ژنان و پیاوان چارەسەری پەیوەستە بە دۆخی نەخۆش و رادەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، شتێک نییە جیاوازی لەنێوان توشبوون دروست بکات.

بەڵام، وەک بەڕێوەبەری ئەو هۆبەیە وتی، ئەوانەی لە سەرەتادا زانراوە کەیسی شێرپەنجەی مەمکیان هەیە، لە پێنج ساڵی یەکەمدا، بە رێژەی 90% چوونەتە قۆناغی تێپەڕاندنی نەخۆشییەکە، ئەوانی دیکەش کە رادەی بڵاوبوونەوەیان زۆرتر بووە، پڕۆسەی چارەسەری بۆیان قورسترە.

لە سەرەتای ساڵی 2025 وە، تا مانگی ئەیلوول، لە نەخۆشخانەکە 413 ژن تووشی شیرپەنجەی مەمک بوون لەو رێژەیە، شەش پیاو لەناو توشبووەکان بوون.

گرێ لەباوترین دەرکەوتەکانی شێرپەنجەی مەمکە، بوونی بارستەیەکی بێ ئازاری رەق کە لێوارێکی ناڕێکی هەیە زیاتر ئەگەری ئەوەی هەیە شێرپەنجە بێ، بەڵام شێرپەنجەی مەمک ئەکرێ نەرم یان بازنەیی”خڕ” بێت، وە دەشکرێ بە ئازاریش بێ، توێژینەوەکان یەکلاییان کردووەتەوە، هەر گرێ یان بارستە یان لوویەک یان گۆڕانکارییەکی نوێ پشکنینی بۆ بکرێت، کاتێک لە جەستەی مرۆڤدا دەردەکەوێ، کە مەرج نیە شێرپەنجە بێت.

ژیری دەستکرد خۆی خزاندووەتە ناو بواری پزیشکییەوە و شێر...

ژیری دەستکرد خۆی خزاندووەتە ناو بواری پزیشکییەوە و شێرپەنجە دیاری دەکات