بۆچى؟

ژمارە 3؛ ژمارەى بەخت و بەدبەختى فڕۆکەخانەى سلێمانییە

964+

ژوورى هەواڵ

رێکەوتێکی سەیرە، ژمارە 3 ..هەم ژمارەی بەختی فڕۆکەخانەی سلێمانییەو هەم ژمارەی بەدبەختییەتی، رۆژی 3ـی نیسانی 2023 تورکیا بە بڕیارێک باڵی فڕۆکەکانی کردو گەمارۆی خستە سەر تاکە رێڕەوی ئاسمانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو دوو ئیدارە سەربەخۆکەی راپەڕین و گەرمیان.

ئێستاش دوای دوو ساڵ و حەوت مانگ، هەر ژمارە 3 دێتەوە رێی چارەنووسی ئەو فڕۆکەخانەیە، شەوی 3ـی تشرینی دووەمی 2025 یەکەم فڕۆکەی سپی کلک سوور لە ئەستەنبووڵەو دەفڕێت و لە سەر رێڕەوە سەرەکییەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی تایەکانی لە زەوی دەدات و ئەو دوو فڕۆکەخانە زیزە بەیەک شاد دەکاتەوە.

شەوی 2ـی تشرینی دووەمی 2025 بە دیاریکراوی لە کاتژمێر 10:30 خولەکی شەو، 162 سەرنشین بە فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ 737ی قەد باریک لە شەقەی باڵ دەدەن و دوای کەمتر لە سێ کاتژمێرو لەسەعات 1:10 خولەکی شەو لەسەر شاشەی زانیارییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەنوسرێت گەشتی ژمارە TK808 گەیشت.

ئەم فڕۆکەیە یەکەمین فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی تورکیایە کە دوای 135 هەفتە رێگەی بدرێت بەرەو سلێمانی بفڕێت، ئیتر هەموو هەفتەیەک 4 جارو لە رۆژانی هەینی و شەممە و دووشەممەو سێشەممە فڕۆکە لە نێوان تورکیا و سلێمانی دێن و دەچن.

تورکیا ئەو کاتەی گەشتەکانی راگرت بیانووی ئەوە بوو پارتی کرێکاران سوود لەو فڕۆکەخانەیە دەبینێت، لەگەڵ خۆیشیدا یەک کۆمەڵ گەشتی گرنگی ئەوروپی لە سلێمانی قوفڵدا.

هەر شەش مانگ جارێک دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیا گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی تازە دەکردەوە، تا ئەو کاتەی رۆژی 9ـى تشرینی یەکەمی ئەمساڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم چووە تورکیا و رەجەب تەیب ئەردۆگانی بینی، سەرۆکایەتی هەرێم دوای ئەوە رایگەیاند ئەردۆگان بە داوای میوانەکی رازی بووەو گەمارۆکانی هەڵگرتووە.

لە ئێستاوە 3 دووشەممە بژمێرن و چاوەڕێی گەیشتنی فڕۆکەکەو کرانەوەی دەرووی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بن. هەرچەندە ناوی فڕۆکەخانەکە بۆ جەلال تاڵەبانی گۆڕاوە، بەڵام لە داتاکانی تورکیش ئێرلاین هەر بە فڕۆکەخانەی سلێمانی ناوی هاتووەو بە هێمانی (ISU) دەناسرێتەوە.

کەمتر لە 20 رۆژى تر؛ گەشتەکانى فڕۆکەخانەى سلێمانى بۆ تو...

کەمتر لە 20 رۆژى تر؛ گەشتەکانى فڕۆکەخانەى سلێمانى بۆ تورکیا دەستپێدەکاتەوە