لە شاری شەهیدان

دایکێکی شانۆکار، دیزاینی جلی بووک دەکات و مامۆستای قوتابخانەشە

964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

توران ئومێد خانمێکی گەنجی هەڵەبجەیە، دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان بەشی شانۆیە، لە ئێستادا لە خوێندنگەی شارەزووی بنەڕەتی وانەی هونەر دەڵێتەوە، لە پاڵ ئیشە بنەڕەتییەکەی کە مامۆستایەتییە، چەند ئیش و بەرپرسیارێتی دیکەشی هەیە.

توران ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە، ماوەی دە ساڵیش دەبێت کاری دیزاین و دوورینی جلی بووک دەکات، و ئێستاش خاوەنی دووکانێکە کە هەم جلوبەرگی ئامادەکراوی بووکی هەیە، هەمیش بە داواکاری تایبەت خۆی کاری دیزاین و ئامادەکردنی جلی بووک دەکات، بەپێی کێش و باڵا و خواستی موشتەرییەکانیشی دەستکاری جلوبەرگەکان دەکات.

لەگەڵ ئەم کارانەشدا، شانۆکار و ئەندامی کارای سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان – لقی هەڵەبجەیە، لە ئێستادا و لەگەڵ هاوپیشەکانی سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی سەرشەقام لە کەرکوک، کە بڕیارە مانگی 11 ئەنجام بدرێت، بە شانۆیەک بەشدارن بە ناوی شانۆی “زەروو”.

ئەم هەموو بەرپرسیارێتییە جگە لە هەوڵدان و ئازایەتی خۆی، پاڵپشتی خێزانەکەی و بە تایبەت هاوسەرەکەی ئاسانکاری تەواوی بۆ کردووە، چونکە وەک خۆی دەڵێت، ئەگەر پاڵپشتی ئەوان نەبێ، هەندێک کات شەوان درەنگ لە پرۆڤە تەواو دەبم، زەحمەتە بۆی بتوانێ بەردەوام بێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

جلوبەرگی باڵاپۆش زۆرە و خانمان تاقیناکەنەوە

جلوبەرگی باڵاپۆش زۆرە و خانمان تاقیناکەنەوە