لەسەر داواى ئۆپۆزسیۆن

لە جۆرجیا شڵەقا: هەزاران کەس دەستیان بەخۆپیشاندان کرد

964+

وریا فەتاح

ئەمشەو، پۆلیسی جۆرجیا گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی ئەو خۆپیشاندەرانەى لەسەر داواى ئۆپۆزسیۆن دەستیان بەخۆپیشاندان کرد و لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە تبلیسی پایتەخت نزیک بوونەوە.

دەیان هەزار کەس، بە هەڵگرتنی ئاڵای جۆرجیا و یەکێتی ئەوروپا، رژانە گۆڕەپانی ئازادی لە تبلیسی، لەسەر بانگەوازی ئۆپۆزسیۆن بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان.

لە خولەکەکانی کۆتایی هەڵبژاردنە شارەوانییەکاندا، هێزێکی پۆلیسی زرێپۆش رووبەڕووی ئەو خۆپیشاندەرانە بووەوە کە هەوڵیاندا بچنە ناو کۆشکی سەرۆکایەتییەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەندێک لە کەسایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆن داوای “شۆڕشێکی ئاشتیانە”یان کردبوو دژی پارتی دەسەڵاتداری “خەونی جۆرجی”.

پارتی “خەونی جۆرجی” کە بە لایەنگری رووسیا دادەنرێت، رووبەڕووی یەکەم ئاڵنگاری هەڵبژاردن بووەتەوە لەدوای بردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ساڵی رابردوودا، کە رەخنەگران بە ساختە ناویان برد، لەو کاتەوە، ئۆپۆزسیۆنی لایەنگری رۆژئاوای وڵاتەکە بەردەوامن لە خۆپیشاندان.

دوای داخستنی بنکەکانی دەنگدان لە ئێوارەى ئەمڕۆدا، پارتی دەسەڵاتدار سەرکەوتنی خۆی راگەیاند، دواى ئەوە سەرکردەکانى ئۆپۆزسیۆنى نزیک لە رۆژئاوا، بە خەڵکیان وت قبوڵى مەکەن و بڕژێنە سەرجادە.

لەگەڵ دەستپێکردنى خۆپیشاندان، هەزاران خۆپیشاندەر بەرەو کۆشکى سەرۆکایەتى رۆشتن و پۆلیسیش بە گازى فرمێسکڕێژ هەوڵیدا، بڵاوەیان پێبکات.

بەپێی راپۆرتی گروپەکانی مافی مرۆڤ، لە ماوەی ساڵی رابردوودا نزیکەی 60 کەس، لەنێویاندا کەسایەتی دیاری ئۆپۆزسیۆن، رۆژنامەنووس و چالاکوانان زیندانی کراون.

ئێران سێ کەسی دیکەی خۆپیشاندانەکانی لە سێدارە دا

ئێران سێ کەسی دیکەی خۆپیشاندانەکانی لە سێدارە دا