سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە گەرمیان دەستگیرکران
دەمانچە و ماددەی هۆشبەریشیان پێوە گیراوە
سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە گەرمیان دەستگیرکران
964+
شۆڕش قادری
لەگوندی ساڵح ئاغای ناحیەی قۆرەتوو لە گەرمیان، سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر بە نۆ کیلۆ ماددەی هۆشبەر و 45 دەمانچە و 92 دەنک حەبی بێهۆشکەرەوە دەستگیر کران.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەئەنجامی کۆکردنەوەی زانیاری پێشوەخت و چاودێری ورد و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، ئەمڕۆ سێشەممە 1.10.2025 لە گوندی ساڵح ئاغای ناحیەی قۆرەتوو لە گەرمیان، توانراوە سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکرێن.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەگەڵ دەستگیرکردنی ئەو سێ تۆمەتبارە، دەستیشگیراوە بەسەر بڕی نۆ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری حەشیش و 45 دەمانچەی بێمۆڵەت و 92 دەنک حەبی (میثادۆن)کە بازرگانان ئامانجیان ساغکردنەوەی بوو لە هەرێمی کوردستان.
لە ئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەر و بەماددەی 25 لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.