ژینگەی ناوچەکە دەبێتە قوربانی
زستانی هەڵشۆ؛ پێنج بەرمیل نەوت یان دوو تراکتۆر دار
+964
محەمەد عەلی – هەڵشۆ
بۆ ئەوەی رۆژ و شەوانی خوار 10 پلەی ژێر سفری پێ بەڕی بکەی و لەم کەشەدا توانای مانەوەت هەبێ، شەش بەرمیل نەوت یان دوو بار تراکتۆر داری وشکبووت دەوێ.
لەگەڵ ئەوەی دوو ساڵە دانیشتووانی ئەم ناحیەیە زۆرینەیان رەتی دەکەنەوە، نەوت لە حکومەت وەربگرن.
ناوچەکە کوێستانە و ماڵەکان پشتیان بە شاخ و کێوەوەیە، کە سەرما هەڵی کرد و بەفر هات بە مانگ و دوو مانگ تەواو نابێ، زۆرجار بۆ نزیکەی شەش مانگی کەشەکە بەساردی دەمێنێتەوە.
حەسەن هەڵشۆی، دانیشتوی ناحیەی هەڵشۆیە لە پشدەرە بە 964ـی وت، بەهۆی ئەوەی ناوچەکەیان شاخاوییە، وەرزی سەرما حەوت مانگ درێژە دەکێشێت، بۆیە پێویستیان بە نزیکی پێنج بەرمیل نەوت هەیە، تاوەزی زستانی پێ بەڕێ بکەن، لە نەبوونی نەوتی پێویست و گرانی نرخەکەی، وەک سوتەمەنی دار بەکار دەهێنن، هەرماڵێک پێویستە سێ بارە تراکتۆری داری وشکی ناو دارستانەکان کۆبکاتەوە بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکەی.
دانیشتووانی ئەم سنوورە، نزیکەی 10 هەزار کەسن، ئاسان نییە بتوانن ماوەیەکی زۆر بە کەرەستەیەکی کەم لە کەشی زستاندا بمێننەوە، ئەوەتا یەکەم باران نەیداوە لە زەوی، بارێک تراکتۆر داری وشک بووە بە 400 هەزار و بەرمیلێک نەوتیش بە 160 هەزار دینارە، کاتێکیش حکومەت نەوتیان بۆ دەبێ، دەڵێمن گرانە و لەگەڵ بازاڕی ئازاد فەرقێکی وای نییە.
ئەوەی توانای هەبێ نەوت دەکرێ و ئەوەی نەیبێ داری وشکبووی باخەکەی دەبڕێتەوە، ئەوەشی دەمێنێتەوە چاوی لە رەحمی خوایە ئەگینا بە بەرمیلێک و دووان بۆی ناچێتەسەر، بەکارهێنانی دار لەبری سووتەمەنیش لەکاتێکدایە کە رێژەی سەوزایی لەناو شارەکاندا لە 9% تێپەڕناکات، بەوهۆیەوە ساڵ بەساڵ رێژەکە روەو کەمی دەچێ.
بەکر بایز، قائیمقامی قەزای پشدەر لەوبارەیەوە بۆ 964 وتی، بارودۆخی گوندنشینان و بنارەکانیش باش نیە تا بتوانن چوار تا پێنج بەرمیل نەوت بەو نرخەی حکومەت بکڕن، ناچار پەنا بۆ کۆکردنەوەی دار دەبەن لەبری سوتەمەنی ، ئەمەش مەترسی لەسەر دارستان و ژینگەی ناوچەکە دروست دەکات.
ئەو وتی داوا دەکەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەنرخی کەمترو گونجاو، نەوت دابەش بکات بۆ ئەوەی ژینگەکەیان لەناو نەچێت.
حاڵی گوند نشینەکانی دیکەش لەمان باشتر نییە، زۆرێک لە ناوچە ئاوەدانەکانی پشدەر، هەڵکەوتەی وایە بەرز و شاخاوییە و ساردن، ساڵانە بەفرێکی زۆری لێ دەبارێت، بە چەند رۆژ رێگەی هاتوچۆ دەگیرێ، ئێستاش خستنی زەخیرە بۆ زستان، لەلای ئەمان بەرەو کۆتایی دەچێ و ئامادەن رووبەرووی سەرما کەم هاوشێوەکە ببنەوە، ئەگەر لەسەر حیسابی سروشتی ناوچەکەشیان بێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا