لە باخچەیەکی هەڵەبجە
ئەم ژن و پیاوە پێکەوە 17 ساڵ خۆبەخشییان کردووە
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
بە خێزانی بۆ شوێنی کارەکەیان بەڕێدەکەون، کارێک کە دڵنیان لە کۆتایی مانگدا هیچ بڕە مووچەیەک لە بری ماندووبوونیان وەرناگرن، ئەمە دۆخی دوو هاوژینە کە پێکەوە کاری خۆبەخشی دەکەن.
بەکر 10 ساڵ و هاوژینەکەی زیاتر لە حەوت ساڵە بە خۆبەخشی لە باخچەی ساوایانی پەریا لە هەڵەبجە کار دەکەن، بەکر کاری باخەوانی و هەندێک کاری وردەی ناو باخچەکەش دەکات، هاوژینیشی دادەی باخچەکەیە.
بەکر رەحیم بە 964ی وت، بە ئومێدی دامەزراندن رووی لە کاری خۆبەخشی کردووە، سەرەتا باخەوان بووە و شوێنێکی رووتەڵی کردووە بە سەوزایی ئیتر دڵنی نەهاتووە جێی بهێڵێ.
هەر بەکر نا، ئەڤینی هاوژینیشی دادەی منداڵەکانە، رێنماییان دەکات و ئاگادارییان دەبێت، ئەو دەرچووی زانکۆیە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەیە، سەرەتا بەڵێنی ئەوەی پێدراوە کە ئەگەر بۆ ماوەی چەن مانگێک کاری خۆبەخشی بکات دەکرێتە گرێبەست، بەڵام مانگەکان گۆڕان بۆ ساڵ و هیچ گرێبەستێک لەئارادا نەبوو..
ئەم خێزانە خۆبەخشە هیچ سەرچاوەیەکی جێگیری داهاتیان نییە، جگە لەوەی کە لە کاتی هەبوونی دەوامدا بەکر هاتوچۆ بە مامۆستا و چەند منداڵێکی باخچەکە دەکات بە کرێی مانگانە..
بەڕێوبەر و کارمەندانی باخچەکە، تەنانەت بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجەش ئاگاداری دۆخی ئەم خێزانەن، ئەوەتا بەڕێوبەری گشتی بەڵێنی ئەوە دەدات لە ئەگەری هەبوونی دامەزراندن بە هەر جۆرێک بووە ئاسانکاری بۆ ئەم خێزانە دەکات و بە سۆران عومەر بە964ی وت، دامەزراندن هەبوو، هەموو کارئاسانییەکیان بۆ دەکەن.
لە هەڵەبجە چیرۆکی هاوشێوە زۆرن و کەسانێک هەن لەگەڵ هیواکان بۆ گەشەسەندنی پارێگاکەیان، بە خۆبەخش و گرێبەست هەنگاوێکی خێریان بۆ شارەکەیان ناوە، ویستم لە ئاماری هەڵەبجە بزانین ژمارەیان چەندە، بەڵام لایان نەبوو.
جگە لەوەی خێزانەی بەکر هیچ داهاتێکیان لە کارە خۆبەخشیەکەیان دەستناکەوێ وە ئەرکی بژێوی ماڵ و دوو منداڵیان لەسەرە، زۆرجار نەمام و تۆویش بۆ باخچەکە لەسەر گیرفانی خۆیان دەکڕن، بەڵام هێشتاش دەستی لە باخچەکە نابێتەوە، و ناتوانێت جێیبهێڵێت، چونکە بووەبە، بەشێکی ژیانی و ناتوانێت ئەو بەهەشتە بچکۆلەیەی درووستی کردووە بهێڵێت وشک ببێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا