"مەترسییان هەبووە"
لە کەرکوک نۆ قوتابخانە و ژمارەیەک پۆل داخراون
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لە ترسی کەوتنەوەی ئاگر لە قوتابخانەکان بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە کەرکوک نۆ قوتابخانە و ژمارەیەک پۆل داخران، ئەو بڕیارە کێشەی بۆ کەرتی پەروەردەی کەرکوک دروستکردووە و بەرپرسانی کەرتی پەروەردە دەڵێن، پێویستییان بە 700 بینایی نوێی قوتابخانە هەیە.
سامان مەجید، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکوک بە 964ـی وت، دوای کەوتنەوەی ئاگر لە چەند شوێنێکی گشتی و قوتابخانە لە ناوچەکانی خوارووی عێراق ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ،هیچ بینا و باڵەخانەیەک نەهێڵێت کە کەرەڤانە و بە سەندەویچ پەناڵ دروستکراوە.
ئەو وتی، بڕیارەکە گەیشتە پەروەردە، هەرچەندە هەوڵماندا جێبەجێ نەکەین، چونکە سودێکی زۆرمان بینیبوو لەو قوتابخانانەی کە بەسەندەویچ پەناڵ دروستکراوە، بەڵام بڕیارەکە هیچ مەجالێکی تێدا نەبوو، بۆیە ناچار 9 قوتابخانە بەتەواوی داخرا لەگەڵ ژمارەیاک پۆل کە بۆ کەمکردنەوەی فشاری سەر پۆلەکان دروست کرابوون.
ئەو یاریدەدەرە وتی، لە کەرکوک 75 بینای قوتابخانەمان هەیە کە سێ دەوامی تێدا دەکرێت، داواکارین پارێزگاری کەرکوک لە بودجەی ساڵی داهاتوو بڕە پاەیەک بۆ کەرتی پەروەردە تەرخان بکات و چەند قوتابخانەیەکمان بۆ دروستبکات.
وتیشی، ئەگەر بێت دوو دەوامی و سێ دەوامی نەهێڵین پێویستیمان بە دروستکردنی، 700 بینای خوێندنگە هەیە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا