دیمەنێک لە لافاوەکەی هەولێر لە ساڵی 2021 _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
کۆبوونەوەی بۆ کرا
دوو ملیار لەبەردەم حکومەتی خۆجێی هەولێرە تا لافاو زیانی لێ نەدات
964+
ئەحمەد مستەفا
لە هەولێر پێش دەستپێکی وەرزی پایز، ئامادەکاریی بۆ هاتنی بارانبارین و زستانى ئەمساڵ دەستى پێکردووە، پارێزگار دەڵێ، دوو ملیار دینار، وەک فریاگوزاریى بۆ چارەسەرکردن و خاوێنکردنەوەی ئاوەڕۆ و ڕێرەوەکانی ئاوی سروشتی باران و کەم و کوڕى و گرفتەکانى تەرخانکراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.9.18، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر،سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ لایەنە ئیدارییەکانی شارەکە کردووە.
وەک لە راگەیەندراوی کۆبونەوەکە باسکراوە، خاوێنکردنەوەی چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆل، خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆ و کەند و رێرەوە سروشتییەکانى ئاوى باران تایتڵی سەرەکی کۆنوونەوەکە بووە.
هەروەها، سەرۆكایەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكان و بەرێوەبەرایەتییەكانی ئاوەڕۆ و ئاودێری هەولێر و فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی راسپێردراون، بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی نوێ و پێویست و ئامادەكاریی زیاتر بە مەبەستی رێگریكردن لە هەر حاڵتێکى نەخوازراوی گۆڕانی كەش و هەوا و چارەسەركردنی ئەو خاڵە لاوازانەی کە دەبنە هۆی دروستبوونی لافاو و پەنگخواردنەوەى ئاو.
پارێزگارى هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، رەزامەندى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان وەرگیراوە بۆ تەرخانکردنی بڕی دوو ملیار دینار، وەک فریاگوزاریى بۆ چارەسەرکردن و خاوێنکردنەوەی ئاوەڕۆ و رێرەوەکانی ئاوی سروشتی و کەم و کوڕى و گرفتەکان و ئاوەڕۆ و شەقامە گشتییەکان و کوچە و کۆڵانەکانی شارى هەولێر و کەند و رێڕەوەکان.
دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە