کچەکەی دهۆک دەیەوێت بە رەنگی خوێنی قاوەییەوە بچێتە کتێبی گینس
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
منداڵە پێنج ساڵانەکەی دهۆک، بە پێچەوانەی هەموو ئەوانەی ناویان لە کتێبی گینس تۆمار کراوە، دەیەوێت بە کۆمەڵێک نەخۆشی درم و دەگمەنەوە بچێتە کتێبی گینس.
ئیلاف ئەیوب، رەنگی خوێنی قاوەییە و دڵیشی لای راستە، هەر هێندە نا، بەڵکو تائێستا لە پشکنینەکان نەزانراوە گروپی خوێنی چ جۆرێکە.
بە قسەی دایکی بێت، یەکەم نەخۆشی لە تەمەنی سێ مانگی پێیان زانیوە کە دڵی لەلای راستە، لەئێستادا دەیان نەخۆشی لێ وەدەرکەوتووە، لەوانە دڵی لای راستە، شەش بڕبڕەی پشتی نییە، دیار نییە گروپی خوێنی چ جۆرێکە، دڕکە پەتکی نییە، حەوزی نییە، موخی لە ئێسکیدا نییە، گورچیلەکانی کەوتۆتە بن سییەکانی و میزڵدان و ریخۆڵە کوێرەی بەیەکەوە گرێ دراون.
ئیلاف کە چەند هەفتەیەکی دیکە تەمەنی دەبێتە شەش ساڵ، کاتێک لەدایکی بوو کێشی چوار کیلۆگرام بوو، بەڵام دوای ئەو هەموو ماوەیە تەنیا دوو کیلۆی زیاد کردووە.
حوسنا تاهیر، دایکی ئیلاف دەڵێت: ئەوەی لەدەستم هاتبێت بۆ ئیلافم کردووە، دکتۆر نەماوە نەیکەم، دوای ئەو هەموو ماوەیە خەریکە بێ هیوا دەبم لەوەی پزیشکان بتوانن چارەسەری کچەکەم بکەن.
لای خۆیەوە دکتۆر سەردار عەزیز، پزیشکی پسپۆڕی دڵ بە تۆڕی964ـی وت، هۆکاری رەنگ قاوەیی خوێنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تێکەڵبوونی خوێنی پاک و پیس لە جەستەی ئیلاف.
زیاتر وتی “لە زانستی پزیشکیدا پێیدەڵێن تێکەڵبوونی خوێنی پاک و پیس لەناو دڵدا، دەبوو هەرزوو نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدرا بووایە”.
ئەو دکۆتۆرە ئەوەشی ئاشکرد کرد کە رۆژی 10ـی مانگی داهاتوو تیمێکی پزیشکی ئیتاڵی سەردانی نەخۆشخانەی هیڤی منداڵان لە دهۆک دەکەن، ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی ئیلاف ببینن.
کە هیوای ئیلاف دوای قەدەغەکردنی دەرمان لێی، چارەسەری سروشتییە، بۆ ئەمەش خانەوادەکەی پەنایان بردۆتەبەر راهێنەرێکی تایبەت.
جەرجیس رەشید، راهێنەری چارەسەری سروشتی باس لەوە دەکات کە رۆژانە چارەسەری پێویست بۆ ئیلاف دەکات، تەنانەت راپۆرتە پزیشکییەکانی ئیلافی ناردووە بۆ تیمی کتێبی گینس بۆ ئەوەی ناوی بچێتە کتێبەکەوە و چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو تیمەکە بگەنە دهۆک و ئیلاف ببینن.
پێداچوونەوەی: فەرمان سادق