"ژن مایەی ژیانە و ژیانیش بێ ئازادی کۆیلایەتییە"
سێ ساڵ بەسەر گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی تێپەڕی
964+
شۆڕش قادری
شیوەن و ناڵەی ئەم دایکە بۆ گیان لەدەستدانی کچە تاقانەکەی، سێ ساڵ لەمەوبەر، بووە هەوێنی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان کە هێشتا برینی قوڵی لەدەستدانی ئەو کیژۆڵەیە و سەدان گەنجی تر کە لە خۆپیشاندانەکاندا کوژران، ساڕێژ نەبووە و هەموو ساڵێک لەم بەرەبەرەی پاییزەدا دەکولێتەوە.
ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، کچە کوردەکەی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە بەوتەی کەسە نزیکەکانی، کچێکی تابڵێی سادە و ساکار و لە ئەخلاق و ویقاردا کەم وێنەبوو، بەڵام رۆژی 13ی ئەیلولی 2022 لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی تارانەوە، بە بیانوی رەچاونەکردنی یاساکانی باڵاپۆشی دەستگیر کرا، سێ رۆژ دواتر و بەشێویەکی گوماناوی لەم نەخۆشخانەیە، نەخۆشخانەی کەسرا گیانی لەدەستدا.
شایەتحاڵەکان دەڵێن زۆر کچ و کوڕی گەنجی دیکە پێشتر بە شێوەیەکی گوماناوی لای هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە و بەبێدەنگی بەخاکسپێردرابوون، بەڵام ئەمجارە جیاواز بوو، هیچ شتێک نەیتوانی هاواری خانەوادەی ژینا کپ بکات و ئەوەش وایکرد بە بەشداری هەزاران کەس تەرمەکەی لە گۆڕستانی ئایچی سەقز بەخاک بسپێردرێت، هەر لەوێش ژنان و کچان بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەچکەکانیان لابردو بە دەنگی بەرز دروشمی ژن، ژیان ئازادییان وتەوەو ئەمەش بووە ترۆپکی خۆپیشاندانەکان، بەچەند رۆژێک هەموو کوردستان و ئێرانی گرتەوە و سنوورەکانی بڕی.
ژینا گیان، تۆ نامری ناوت دەبێتە رەمز، دوای نووسینی ئەم چەند وشەیە لەسەر کێلی گۆڕەکەی، ناوی ژینا بووە رەمز، وەک باوکیشی، ئەمجەد ئەمینی لە سێیەمین ساڵیادی کچەکەی دەڵێت، ژن مایەی ژیانە و ژیانیش بێ ئازادی کۆیلایەتییە. ئەمجەدی جەرگسوتاو بە زمانی فارسی نوسیویەتی: تێپەڕبوونی رۆژ، مانگ و ساڵە سەختەکان هەرگیز ناتوانێت بیرەوەری و دۆسیەی ژینامان لەبیر بباتەوە و خەمی لەدەستدانی، وەک گرکانێک لە قوڵایی ناخمان بڵێسە دەکات و بۆ هەتا هەتایە دەمێنێتەوە.