گەڕاوەتەوە کوردستان
نینا جەمال: هەموو پارەکەم خورا و موشکیلەشم لەگەڵ تەمەن نییە
964+
دیلان محەمەد
نینا جەمال، خانمە هونەرمەندی سلێمانی گەڕاوەتەوە نیشتمان و رەتیشیدەکاتەوە لەنێوان هەولێر و سلێمانی هەڵبژاردن بکات و دەشڵێت، کورد پشتی یەک دەشكێنێ و لەوەدا دەستێکی باڵایان هەیە.
پەیامنێری 964 چووە لای نینا جەمال و لە حاڵ و ئەحواڵ و هۆکاری کەم گەڕانەوەی پرسی و پێی وتین، دوو ساڵە نەگەڕاوەتەوە و جاری پێشووش بەهۆی کاری هونەری و ستۆدیۆوە هەر لە هەولێر ماوەتەوە، بەهۆی کچەکانییەوە ناتوانێت زوو زوو بێتەوە.
چیرۆکی دوو کچەکەشی بۆ 964 گێرایەوە و وتی، لە ئەسڵدا کچی دوو برامن بە رووداوێک لە تەمەنی منداڵییەوە دایکیان لەدەستداوە و بەخێوکردنی هەردووکیانم گرتووەتە ئەستۆی خۆم و پێم دەڵێن دایە.
باوکی نینا خەڵکی سلێمانیە و دایکی هەولێر، هەربۆیە بە پرسیارێکی سەختی زانی هەڵبژاردن لەنێوان ئەو دوو شارە بکات، بەبێ ئەملاولاش تەمەنی خۆی ئاشکرا کردو و تی لەدایکبوونی 1988ە.
نینا دڵی پڕبوو لەوەی چەند جارێک پارەیان خواردووە و هیچ بەرهەمێکی هونەریشی بڵاونەکردووەوە، بەڵام هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی لە دەرەوەی وڵات دەژی و نەیزانیوە پارەکەی هەموو ناردووە بەرلە بەرهەمهێنانی کارەکانی.
نینا جەمال ئێستا هەشت بەرهەمی نوێی ئامادەیە و بە زاراوەی کرماشانی و سۆرانی کاری تێداکردووە، دوێتێکیش لەگەڵ عەتا ئەحمەد بڵاودەکاتەوە.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح