گلەییان لە وەزیرى کشتوکاڵ هەیە
دژی هاوردەکردنی شووتی لە دەروازەکانەوە؛ جووتیارانی هەڵەبجە گردبوونەوە
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
ماوەیەکى تر، شوتى وەرزى پایزەى هەڵەبجە پێدەگات، بەڵام جوتیاران لەبەر هاوردەکردنى شوتى ئێرانى و تورکى لەئێستاوە ترسیان لێ نیشتووە و خەمى ساخنەبوونەوەى بەرهەمەکەیانە، هەربۆیە بە شوتى سورەوە چوونە بەردەم پارێزگاى هەڵەبجە و داوایانکرد دەنگیان بگەیەنن بۆ ئەوەى دەروازە سنوورییەکان بەڕووى شووتى هاوردەدان دابخەن.
جوتیاران دەڵێن، لە هەڵەبجە پێنج هەزار دۆنم زەوى بە شووتى چێندراوە و بەشى هەموو کوردستان دەکات، بەڵام ئەگەر رێگە لە شووتى ئێرانى تورکى نەگیرێت، رەنج بەخەسار دەبن.
جەمال عەبدولرەحمان یەکێک لە جوتیارانى هەڵەبجە، بە قاشێک شووتى سورەوە قسەى بۆ 964ـى کرد و کەوتە وەسف و سەناى شوتییەکەیان، وەک باسى دەکات شوتیەکەیان سورێکى بێ غەل و غەشە، نە دەرمانى پێدەکەن و نە هیچ مادەیەکى زیانبەخش، بۆیە شوتیەکەیان بە شایستەى خەڵکى کوردستان دەزانن و داوا دەکەن لە وەزیرى کشتوکاڵ رێگرى لە شوتى ئێرانى و تورکى بکات.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح