دکتۆر دەوەن دلشاد پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان:

دەرزی هۆڕمۆنی گەشە بەبێ راوێژی پزیشک مەترسیدارە

 964+

جێگر مەحمود

بەپێی رێنماییەکانی دکتۆر دەوەن دڵشاد پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان گەورەترین هەڵەی دایکان و باوکان بریتییە لە بەراوردکردنی منداڵەکانیان لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان، کە پێوەرە زانستییەکە بریتییە لە چاودێریکردنی منداڵەکە لەسەر هێڵی گەشەی تایبەت بە خۆی نەک بەراوردکردنی لەگەڵ منداڵی تر.

دکتۆر دەوەن دڵشاد لە پۆدکاستی لەشساغی 964 ئاماژە بەوە دەکات،گەشەی منداڵ پشت بە دوو بنەمای سەرەکی دەبەستێت بۆماوەیی و شێوازی ژیان خۆراکی هاوسەنگ و خەوی پێویست و قووڵ، رۆڵی سەرەکی دەبینن چونکە زۆرترین رێژەی هۆرمۆنی گەشە لە کاتی خەودا دەردەدرێت سەبارەت بە کێش لاوازیی منداڵێکی چالاک جێی نیگەرانی نییە، بەڵام دابەزینی کێش یان قەڵەوی پێویستی بە بەدواداچوونە و پەنابردن بۆ شروبی ئیشتیها چارەسەرێکی کۆتایی نییە.

هەروەها هۆشداری دەدات کە دەرزی هۆرمۆنی گەشە تەنها بۆ حاڵەتی پزیشکیی دەگمەنە و بەکارهێنانی بێ راوێژی پزیشک مەترسیدارە.

دکتۆر دەوەن داوا دەکات ئاگاداری نیشانە مەترسیدارەکان بن وەک وەستانی گەشە دابەزینی کێش یان پاشەکشەکردن لەسەر چارتی گەشە کە لەم حاڵەتانەدا دەبێت راستەوخۆ سەردانی پزیشک بکرێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

"غودە کاریگەری لەسەر سپێرم و لاوازی سێکسیی پیاوان هەیە"