بەهەوڵى خێرخوازان
کێشەى بێئاوى سیتەک حەل بوو
964+
وریا فەتاح
دواى ئەوەى گەنجان و خێرخوازان بە هەرەوزى قۆڵیان لێهەڵماڵى، کێشەى بێئاوى سیتەکیان چارەسەرکرد و لەمڕۆوە پێدانى ئاو بە ماڵان ئاسایى دەبێتەوە.
ماوەى سێ هەفتە بوو، دانیشتوانى سیتەک لە رێگەى تەنکەرەوە ئاویان پێدەدرا، چونکە سەرچاوەى ئاوەکانیان وشکیان کردووە.
بۆ چارەسەرکردنى ئەو قەیرانە، بیریان لەو کۆنە بیرە کردەوە کە 21 ساڵ لەمەوبەر هەڵیانکەندووە و تائێستا بەکاریان نەهێناوە، بۆیە ئیدارەى ناوچەکە و خۆبەخشان و خێرخوازان، هەفتەى رابردوو قۆڵیان لێهەڵماڵى و گەنجینەکەیان هەڵدایەوە ئەمڕۆ کارەکانیان تەواو کرد و ئاو بۆ سیتەک گەڕایەوە.
بە وتەى فەرهاد ساڵح، قائیمقامى قەزاى شارباژێر کە بۆ 964 قسەى کردووە،” بیرەکە شەش هەزار مەتر لە سیتەکەوە دوو بوو، بۆیە بە هەوڵى خێرخوازان هەفتەى رابردوو دەستیانکردووە بە راکێشانى بۆرى لە بیرەکەوە تا کۆگاى ئاو لەوێشەوە ئاو بۆ ماڵان دەنێردرێت”.
کارەکە بە هەرەوزى خەڵکى خۆبەخش و گەنجان تەواو بوو، ئەمڕۆ ئاوى بیرەکە گەیشت بە کۆگاى ئاو و کێشەکەیان چارەسەر بوو.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح