تەمەنی 80 ساڵە و هەموو رۆژیک دەچێت بۆ جیم

+964
هۆگر عەدنان- چەمچەماڵ

مام هادی بەتەمەنترین وەرزشوانی قەزای چەمچەماڵە و دەڵێت “لەوەتەی وەرزش دەکەم ئازاری سەوەفان و پشتئێشەم نەماوە”.
پیاوێکی تەمەن ٨٠ ساڵەو هاوشێوەی ڕۆژەکانی دیکەی، وەک پیشەی رۆژانەی، بەنیازە کاتژمێرێک بۆ دوو کاتژمێر لە یەکێک لە هۆڵە وەرزشیەکانی چەمچەماڵ وەرزش بکات،

هادی ئەحمەد وەک خۆی دەڵێت “پێشتر فەرمانبەری کەرتی تەندروستی بووم دوای خانەنشین بوونم توشی سەوەفانی مل بوم سەردانی پزیشکم کردوە بەڵام دواجار بەهۆی زۆری عیلاجەکانم و بڕیارمداوە بێمە هۆڵی وەرزشی و مەلەوانی بکەم، ئێستا تەندرستیم زۆرباشە و ئەوە ماوەی 13 ساڵە وەرزش دەکەم، سەوەفانی مل و ئازاری پشتم نەماوە”.

هادی ئەحمەد ڕۆژانە، هەندێکجار بەیانیان و جارجارەش دوای نیوەڕوان، دەچێت بۆ ئەنجامدانی مەشقەکانی و زۆرجار لە هۆڵە وەرزشیەکەی نوێژ و زیکرەکانی دەکات، هەرچی مامۆستای سەرپەرشتیارەکەی کە پاڵەوانی جیهانی وڵاتی ئیسپانیا و تونسە لەساڵەکانی 2018 و 2022 دەڵێت ”مام هادی بەتەمەنترین یاریزانە و زۆر لە گەنجەکانی ئێستا باشترە و خولیای بۆ جۆری وەرزشەکەی هەیە”.

هادی ئەحمەد جیاواز لە وەرزشکارانی دیکە، بە جلوبەرگی کوردیەوە سەردانی هۆڵەکەی دەکات،  لەساڵی 2010 وە بۆ یەکەمجار دەستیکرد بە وەرزش کردوەو وەک خۆی دەڵێت” کەمخۆری دایم خۆرم و پارێز زۆر بەکەمی دەکەم و هەموو جۆرە گۆشتێك دەخۆم “.

لەشاری چەمچەماڵ چەندین هۆڵی وەرزشی بونی هەیە و یاریزانان سەردانی دەکەن بەڵام مام هادی، هیچ هاوڕێ و هاوپیشەیەکی یاریزانی نیە لەگەڵی وەرزش بکات بۆیە لەگەڵ گەنجانی تازە پێگەیشتوو راهێنانەکانی دەکات.