کچانی رواندز 17 گۆڵیان تۆمارکرد

کچانی سەیدسادق بە چوار گۆڵ لە کچانی قەڵادزێیان بردەوە

+964

مەجید بيتوێنی

کچانی قەڵادزێ لەسەر یاریگای خۆیان بەرامبەر کچانی سەیدسادق تووشی شکستبوون و کچانی رواندزیش 17 گۆڵ لە دەرەوەی یاریگای خۆیان لە کچانی پێنجوێنیان بردەوە.

ئەمڕۆ هەینی 24.2.2023، لەگەڕی دووەمی خولی فوتساڵی کچانی کوردستان، کچانی قەڵادزێ میوانداری کچانی سەیدسادقیان کرد.

دەستپێکی یارییەکە، کچانی قەڵادزێ باشتر دەرکەوتن، بەڵام کچانی سەیدسادق هەر زوو گۆڵی پێشکەوتنیان تۆمارکرد، کەچی کچانی قەڵادزێ خۆیان بەدەستەوە نەدا و توانیان گۆڵێکی یەکسانبوون تۆمار بکەنەوە.

وردە وردە کچانی سەیدسادق کۆنتڕۆڵی یاریەکەیان کرد، توانیان جارێکی دیکە تۆڕی گۆڵی کچانی قەڵادزێ بهەژێنن و گۆڵی پێشکەوتن تۆماربکەن.

کچانی قەڵادزێ لەسەر یاریگای خۆیان بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بە کچانی سەیدسادق دۆڕان.

ئەگەرچی کچانی قەڵادزێ هەوڵی زۆریاندا بۆ دووبارە یەکسانکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و بەپێچەوانەوە کچانی سەیدسادق گۆڵی سێیەم و چوارەمی دڵنیایی سەرکەوتنیان تۆمارکرد و یارییەکەش بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندی کچانی سەیدسادقی میوان کۆتاییهات.

هەر لەگەڕی دووەمی خولەکەدا، کچانی رواندز بە 17 گۆڵی بێبەرامبەر لەدەرەوەی یاریگای خۆیان لە کچانی خەڵاتی پێنجوێنیان بردەوە.

دوای یارییەکە کوێستان حەمەد، یاریزانی کچانی قەڵادزێ بە تۆڕی964ـی وت، خراپی باری دارایی یانەکەیان هۆکار بووە لەوەی نەتوانن گرێبەست لەگەڵ یاریزانی بەتوانا بکەن، پێیوایە ئەمە کاریگەری خراپی کردۆتەسەر ئەنجامە خراپەکانی یانەکەی.

وتیشی “لەگێمی دووەمی یارییەکەدا یاریزانەکانمان توانایان دابەزی و نەیانتوانی مەترسی لەسەر گۆڵی کچانی سەیدسادق دروستبکەن، بۆیە هەوڵدەدەین لەیارییەکانی داهاتوودا باشتر یاری بکەین”.

کچانی رواندز بە 17 گۆڵی بێبەرامبەر لە کچانی خەڵاتی پێنجوێنیان بردەوە.

کچانی سەیدسادق، لەهەردوو گەڕی یەکەم و دووەمی خولەکەدا براوە بوونە و شەش خاڵیان کۆکردۆتەوە و تائێستا ئاستێکی بەرزیان پێشکەشکردووە.

سەلمان عوسمان، راهێنەری تیپی وەرزشی فوتساڵی کچانی سەیدسادق قسەی بۆ تۆڕی964 کرد و ئاماژەی بەوەدا کە هەفتانە بە بەرنامە راهێنان و ئامادەکاری باش دەکەن بۆ ئەوەی لەیارییەکاندا ئەنجامی باش بەدەستبهێنن.

کچانی سەیدسادق، هەفتەی داهاتوو لەیارییەکی قوسدا بەرامبەر کچانی رواندز یاریدەکەن، کە کچانی رواندزیش لەیاری ئەمڕۆیاندا توانیان 17 گۆڵ تۆمار بکەن.

راهێنەری کچانی سەیدسادق دەڵێت: دەمانەوێت ئەنجامێکی باش بەرامبەر کچانی رواندز تۆمار بکەین و سێ خاڵی یارییەکەیان لێوەربگرین.

تیپی وەرزشی فوتساڵی کچانی یانەی قەڵادزێ، لەیەکەم دوو یاری خولەکەدا دۆراندوویانە و هیچ خاڵێکیان نییە، لەگەڕی سێیەمدا میواندای کچانی خەڵاتی پێنجوێن دەکەن کە ئەوان بەرامبەر رواندز بە 17 گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕان.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق