"ئومێدەوارین موچە لەکاتی خۆیدا بدرێ"
لە سلێمانی ئامادەکاری بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دەکرێت
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
لە سلێمانی ئامادەکاری بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دەکرێ و تا ئێستاش نزیکەی 27 هەزار قوتابی بۆ قۆناغی یەکەمی قوتابخانە و باخچە وەرگیراون.
نەژاد عەبدوڵا بەڕێوەبەری پەروەردەی گشتی سلێمانی بە 964ـی وت، هەرچەندە تا ئێستا کاتی دەستپێکردنی دەوامی قوتابخانەکان بۆ ئەمساڵ دیاری نەکراوە، بەڵام هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە و تا ئێستاش 26 هەزار و 988 قوتابی بۆ قۆناغی یەکەم قوتابخانە و باخچەکان پەیوەندیان کردووە و وەرگیراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، شوێنی ئەو مامۆستایانەی خانەنشین کراون، پڕ بووەتەوە و هیچ کەموکورتییەکیان لەو بوارەدا نییە.
نەژاد عەبدوڵا هیوایشی خواست، پرسی موچە چارەسەر بکرێ و لە کاتی خۆیدا دابەش بکرێ، بۆ ئەوەی ئەمساڵ رووبەڕووی بایکۆت و مانگرتنی مامۆستایان نەبنەوە و پڕۆسەکە بە باشی بڕوات بەڕێوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری