زانكۆی كەركوك
دەستەی گشتيی ناوچە کوردستانیيەکان:
“كۆتوبەندەكان لەسەر خوێندکاران و قوتابیانى كورد هەڵنەگیراوە”
964+
محەمەد فاتیح
تائێستاش خوێندکاران و قوتابیان، رێگەیان پێنەدراوە بەزمانی کوردی لە تاقیکردنەوەکان وەڵامبدەنەوە و ئەمەش نیگەرانی لای دەستەی ناوچە کوردستانییەکان دروستكردووە و دڵنیایی دەدات كە ئەمە پێشێلكردنی ماددەی چواری دەستوری عێراقە و لەدادگای فیدڕاڵی سكاڵا تۆمار دەكەن.
دەستەی گشتيی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بڵاویكردەوە، دواى ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، بە نووسراوی فەرمی رێگری كرد لە وەڵامدانەوەی خوێندکاران و قوتابیان بەزمانی کوردی لە تاقیکردنەوەکان و دواتر راگەیەندرا كە كێشەكە چارەسەركراوە، بەڵام بەداخەوە چارەسەر نەكراوە و تائێستاش بەردەوامە.
كێشەی زمانی كوردی چارەسەرنەكراوە
وەك دەستەكە باسی دەكات، هێشتا کێشەكه چارەسەر نەکراوە و رێگرییەکان وەک خۆیان ماون، بەتایبەتی بۆ خوێندکارانی بەشی یاسا و ئەو وانانەی کە تاقیکردنەوەی وەزارین و ئەمەش خەرقێکی روونی ماددەی چواری دەستووری عێراقە.
دەستەی گشتيی ناوچە کوردستانیەکان بەمجۆرە زياتر باسی كێشەكەی كردووە:
-ئێمە لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکان، بەردەوام لە هەوڵداین بۆ ئەوەی ماددەى چواری دەستوور و کێشەی قوتابیانمان چارەسەر بکرێت.
-ئاریشەکانی بەردەم زمانی کوردی وەک دووەم گەورەترین زمانی بەکارهاتوو لاببرێن.
-داواکارین لە کاربەدەستەکانمان لە بەغداد، هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێت، خوێندکاران بەزمانی شیرینی دایک وەڵام بدەنەوە و وەرگێڕی پێویستیش بۆ روونکردنەوەوی وانەکان دابین بکرێت.
رێگای دادگای فیدراڵی دەگرینەبەر
دەشڵێن، “ئێمە لەکاتی دەرچوونی بڕیارەکەدا وەک دەستەی ناوچە کوردستانییەکان رامانگەیاند، پێویستە بڕیار بە بڕیار هەڵبوەشێتەوە، نەک بە گفتوگۆی زارەکی، عێراق و دەستوورەکەی موڵکی گەلانی عێراقە و لەم چوارچێوەیەشدا مافی رەوای خەڵکی کوردستانە، شەڕی زەوتکردنی مافە دەستوورییەکانی لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا ئەنجامبدات، بێگومان لە بەردەوامی ئەم کێشەیە و پابەند نەبوون بە ماددەی چواری دەستوور و پێشێلکردنی، رێگای دادگای فیدراڵی دەگرینەبەر.