راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

“ئەمریكا لە 2026 لە هەولێریش دەكشێتەوە”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە پەرەسەندنی پێشهاتەکانی ناوچەکەوە نییە. وتیشی، بەپێی رێككەوتنێك كە لە 2023 كراوە، تا ئەیلولی 2026 ئەمریكا لە تەواوی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە دەكشێتەوە.

قاسم ئەعرەبی لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ میدیای عێراقی، كە شەوی رابردوو بڵاوكراوەتەوە، روونیکردەوە لە ساڵی 2023 رێککەوتن لەسەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە تەواوی عێراق كراوە، كە تا ئەیلولی 2026 لە سەرجەم خاکی عێراق بكشێتەوە.

“لە ساڵانی 2023 و 2024 لیژنەیەکی دانوستانکاری هاوبەش چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ دانوستان لەسەر رێکخستنەوەی پەیوەندی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، لەم کۆبوونەوانە لە ئەنجامدا خشتەی کاتی بۆ کشانەوە لە وڵات دانرا، قۆناغی یەکەم بۆ کشانەوەی هێزەکان بوو لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، تا کۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ، دواتر کشانەوەی هێزەکان لە هەرێم تا کۆتایی مانگی ئەیلولی ساڵی 2026″، قاسم ئەعرەجی وای وت.

ئەعرەجی زیاتر روونكردنەوە دەدات و دەڵێت، هەندێک لایەن دەیانەوێت کشانەوەکە بە پێشهات و رووداوەکانی ناوچەکە ببەستنەوە، بەڵام ئەمە نادروستە، ئێمە نەماندەزانی لە ساڵی 2025 چی روودەدات کاتێک لە ساڵی 2023 دەستمان بە دانوستان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد، کوردستانیش بەشێکە لە عێراق و هەرێمێکی دەستوورییە، کشانەوەیان بۆ ئەویش لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی پێشوودا هاتووە و هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە ئێستا لە ناوچەکەدا چی روودەدات.

ئەعرەجی لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكە ئاشكرای كرد، كە ئەوان بوون لە ئەنجومەنی ئاسایشی عێراق داوایان كرد پەسندكردنی یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان دوابخرێت بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان.

لەگەڵ ئەوەشدا وتی، حەشدی شەعبی قوربانیی زۆری داوە و ئێمە هیچ دەستوەردانێک لە کاروباری ئەو هێزە یان داواکاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی، قبوڵ ناکەین، جا ئەو لایەنانە دۆست بن یان نەیار، بەڵام تێبینی لەسەر یاساكە هەیە، هەر یاسایەكیش تێبینی و كێشەی لەسەر بێت، پێویستی بە برەودان هەیە.

بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ 964: سودانی نایەوێت هێزەکانی ئەمری...

بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ 964: سودانی نایەوێت هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکشێنەوە