وەزارەتی ئەوقاف کاتەکانی بانگدان رێکدەخاتەوە

دەبێت مزگەوتەکان لەیەک کاتدا بانگبدەن

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لەمەودوا دەبێت لە مزگەوتەکانی سەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لەیەک کاتدا بانگ بدرێت. ئەوە پڕۆژەیەکی وەزارەتی ئەوقافە بۆ رێکخستنەوەی کاتەکانی بانگدان لە کوردستان.

ئێستا وەزارەتی ئەوقاف لە رێگەی لیژنەیەکەوە کاری لەسەر دەکات و لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی گفتوگۆی لەبارەوە دەکات.

وەزارەتی ئەوقاف دەیەوێت سەرجەم مزگەوتەکانی سەر ئاستی یەک پارێزگا، یان ئیدارەی سەربەخۆ لە یەک کاتدا بانگبدەن، نەک جیاوازی لە نێوانیاندا بێت.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێم بە تۆڕی 964ی راگەیاند “لە نێوان پارێزگاکاندا بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافی جیاوازی لەکاتی بانگداندا هەیە، بەڵام پڕۆژەکەی وەزارەتی ئەوقاف بۆ کاتی بانگدانی مزگەوتی ناو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانە، نەک هەموو کوردستان بەیەکەوە.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 6 هەزار مزگەوت هەن.

“سەرقاڵی گەڕانەوەی سەرجەم راپۆرتەکانی لیژنە لاوەکییەکانین، تا راو و بۆچوونه‌كان یەکبخەین و بڕیارێک لەوبارەیەوە دەدرێت” نەبەز ئیسماعیل وای وت.