دوای شەش رۆژ لە مانگرتنی بارهەڵگرەکان

جوڵەی بازرگانی لە مەرزی پەروێزخان دەستیپێکردووەتەوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

دوای شەش رۆژ لە مانگرتنی شۆفێرانی بارھەڵگر لە مەرزی پەروێزخان، ئەمڕۆ دوو شەممە 1.9.2025 جوڵەی بازرگانی لە مەرزەکە دەستیپێکردووەتەوە.

یەکێک لە شۆفێرانی بارھەڵگر لە مەرزی پەروێزخان کە نەیویست ناوی بھێنرێت بە 964ـی وت،”ئەمڕۆ رۆشتینەوە بۆ مەرز و کۆتاییمان بە مانگرتن ھێنا و رۆشتینە دیوی ئێران و بارمان ھێنا”.

گرفتی ئەو شۆفێرانە ئەوەبوو، کە ئەفسەرێکی ئێرانی گرفتی بۆ شۆفێرانی ھەرێمی کوردستان دروست دەکرد و بیانوی پێدەگرتن بەقسەی شۆفێران خۆیان، بۆیە ئەوانیش دەستیان بە مانگرتن کرد بۆئەوەی ئەو ئەفسەرە لابەرن لەو جێگەیە.

دوێنێ یە شەممە، پەیجی فەرمی دەروازەی نێودەوڵەتی مەرزی پەروێزخان بڵاویان کردەوە، لەگەڵ بەرپرسانی دیوی ئێرانی مەرزەکە کۆبوونەتەوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی شۆفێران و بەڵێنی چارەسەرکردنیان پێدراوە.

ئەو شۆفێرەی کە نەیویست ناوی بھێنرێت وتی،”ئەمڕۆ کە رۆشتینە مەرزەکە ئەو ئەفسەرە ئێرانیە لەوێ نەمابوو، ھیچ گرفتێکمان نەبوو”.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

بەهۆی مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگر هاوردەی کاڵا لە مەرز...

بەهۆی مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگر هاوردەی کاڵا لە مەرزی پەروێزخانەوە راگیراوە