دڵخۆشە کە سێبەر دروستدەکات
لە سویدەوە گەڕاوەتەوە خەلیفان بۆ یادی لەدایکبوونی داری چاند
964+
ئاکام غەفور – سۆران
کچێکی خەڵکی خەلیفان و دانیشتوی وڵاتی سوید، لە رۆژی لە دایکبوونی 27 دار لە ناو بازاڕی قەزای خەلیفان چاند.
سومەیا رافد ئەو کچەیە کە بڕیاریداوە بەم شێوەیە یادی لە دایکبوونی بکاتەوە، ئەمڕۆ 30.8.2025 بە هاوکاری لەگەڵ شارەوانی دارەکانی چاند و بۆ 964 وتی “ساڵانە کە یادی لە دایکبوونم دەکردوە کێکم دەکڕی چەند رەسمێکم دەگرت، هەستم دەکرد شتێکی بێ مانایە، بۆیە ئەم بڕیارم دا”.
دڵخۆشە بە چاندنی دارەکان چونکە سەوزایی زیاد دەکات و سێبەریش دروست دەکات دەشڵێت “تاوەکو تەمەنم ماوە ساڵانە بەم شێوەیە دار دەچێنم”.
وەک باسی دەکات، کەمی سەوزایی شارەکەی و خۆشەویستی بۆ کوردستان و ئەو شارەی لێی لەدایکبووە وای لێکردوە بێتەوە لێرە دار بچێنێت، هەرچەندە خۆی لێرە ناژیت بەڵام خەمی گەورەبوونی دارەکانی نیە و شارەوانی چاودێریان دەکات.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن