نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق

خراپ مامەڵەكردن لەگەڵ دەستگیركراوەكانی سلێمانی جێی نیگەرانیيە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق رایگەیاند، ئەو وێنانەی لە سلێمانی دەبینرێن سەبارەت بە گیراوەكان، لە بەیەكدادانەكانی لالەزار، جێی نیگەرانین.

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق، كە بە یونامی ناسراون، شەوی رابردوو لە پەیجی فەرمی خۆیان لە فەیسبوك بڵاویان كردەوە، كە زۆر نیگەرانن لە بارەی ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ گیراوانی رووداوی شەڕ و بەیەكدادانەكانی سلێمانی دەكرێت و وێنەكان جێی نیگەرانین.

ئاماژەیان بەوەش كردووە، دووبارە داوا دەكەن رێز لە مافی مرۆڤ بگیرێت و گەرەنتی رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر گیراوەكان بكرێت و مامەڵەیەكی دروستیان لەگەڵ بكرێت.

یونامی رۆژی 22ی ئەم مانگەش لە راگەیاندراوێكی كورتدا لە بارەی رووداوەكانی لالەزار، نیگەرانی و بێزاریی خۆیان دەربڕی و خەمباریی خۆیان بۆ كوژراو و بریندارەكان پێشان دا.

ئەوكاتیش داوایان كرد كە ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی نەخرێتە مەترسییەوە و رێز لە مافەكانی مرۆڤ بگیرێت.

بەرەبەیانی هەینیی رابردوو 22.8.2025 هێزە ئەمنییە جۆراوجۆرەكانی سلێمانی، هێرشیان كردە سەر هوتیل لالەزار لە گەڕەكی سەرچنار، كە شوێنی مانەوەی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل بوو، لە ئەنجامی شەڕ و پێكدادان تا بەرەبەیانی ئەم رۆژە، ژمارەیەك چەكداری هەردوولا كوژران و بریندار بوون، ژمارەیەكی زۆریشیان دەستگیر كران، دیارترینیان لاهور جەنگی و پۆلادی برای و رێبوار حامیدی فەرماندەی هێزەكەی، ئەمەش دوای ئەوەی فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەركرابوو.

یونامی بەشدار دەبێت لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەما...

یونامی بەشدار دەبێت لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان