"نان و خەیار دابەش نەکراوە"
خەرجی خواردن و پێداویستییەکان لە رۆژانی ئاگرەکەی هەڵەبجە شەش ملیۆن دینار بووە
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
بڵاوبوونەوەی کۆمەڵێک داتا و زانیاری لەلایەن رێکخراوی هەڵوێستەوە، کە رێکخراوێکە چاودێری دامودەزگاکانی حکومەت دەکات، دەربارەی ئەو بڕە پارەیەی مانگانە دێتە ناو دیوانی پارێزگا، دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت کە رێکخراوەکە لێدوانێکی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی هەڵەبجەی هاوپێچی زانیارییەکان کردبوو، کە دەڵێت، “لە رۆژانی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا وتوومە نان و خەیار بهێنن بۆ تیمەکان”
دیوانی پارێزگا لەو بارەیەوە روونکردنەوەی خۆی هەیە و فریاد نەجمەدین، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و رووبەرووبوونەوەی قەیرانەکان JCC لە دیوانی پارێزگا بە 964ی وت، “لە رۆژانی ئاگرەکە پارێزگار ئێمەی راسپارد کە تەواوی پێداویستیە لۆجیسیەکان بۆ تیمەکان دابینبکەین، تیمەکەی ئێمەش خواردن، سووتەمەنی و ئامێری پێویستی تەواویان بۆ ئەو تیمانە دابینکرد کە بەشداربوون لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، کە بودجەکەی ئەو چەند رۆژە نزیکەی شەش ملیۆن دینار بووە، و داواکاری هەموو فەرمانگەکان لەو ماوەیەدا دابیکراوە”.
دەربارەی ئەو لێدوانەی کە باسی ئەوە دەکات نان و خەیار بەسەر تیمەکاندا دابەشکراوە، فریاد نەجمەدین وتی، “ئەو هەواڵانە بە تەواوی رەتدەکەینەوە، و بە هەواڵێکی چەواشەکاری ناودەبەین و پێمان وایە کە بۆ لەکەدارکردنی ئەو هەڵمەتە نیشتیمانییە بووە کە لەو چەند رۆژەدا لە هەڵەبجەدا کراوە.
وتیعی، لە پارێزگا بودجەیەکیان هەیە کە بۆ حاڵەتی کتوپڕیە و لە مانگی پێنجەوە بۆیان خەرجکراوە، و لە سێ مانگی رابردوودا داواکاری هەر فەرمانگەیەک کە لە چوارچێوەی کتوپڕیدا بووبێت، بوودجەی پێویستیان بۆ دابینکردووە.
پێداچوونەوە: هاوبەش