هیچ روونەدات دوو ساڵی دەوێت
بەنداوە گەورەکەی چەقچەق تینوێتی سلێمانی دەشکێنێت
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
یەک کۆمەڵ شۆفڵ و حەفارەو گرێدەر لەلای گوندی هەنارانی خواروو تەقە تەقیان دێت، ئێستا بەجدی دەستکراوە بە تەواوکردنی بەنداوە گەورەکەی چەقچەق، ئەگەر هیچ روونەدات و پارەیان لێ نەبڕێت بە دوو ساڵ تەواوی دەکەن.
بەنداوی چەقچەق کە جاران پێیان دەوت (چەقچەقی دوو) لە ژورووی سلێمانییەو دەکەوێتە نێوان هەردوو گوندی هەنارانی خواروو چەقچەق، 10 ساڵێک دەبێت ئیشی تیا وەستاوە، بە هەمووی 30% تەواو بووە، بەڵام ئێستا دیسان جموجۆڵی تێکەوتووەتەوە.
تیمی 964 چوونە سەر پرۆژەکە، بینیان بە باشی کاری تیا دەکرێت، ئێستا دوو کۆمپانیا بە هاوبەشی پێکەوە دەیکەن، یەکێکیان هی خۆمان ئەوەی تریان ئێرانییە.
عەبدوڵا حەبیبوڵا سەرپەشتیاری پرۆژەکە بە 964ی وت ”بەنداوەکە لەوەی جاران گەورەتر دەکرێت و ئەگەر پارەمان بۆ سەرف بکەن بە دوو ساڵ تەواو دەبێت… دوای گەورەکردن نۆ ملیۆن لیتر ئاو گل دەداتەوە”.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە 19.08.2025 رەحمان خانی بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێم بە 964ی وت ”بڕیارە لە بەنداوەکە دراوەو نزیکەی 24 ملیاری بۆ تەرخان کراوە، ئەگەر پارە هەبێت هەم ئەمەیان تەواو دەکرێت هەم ئەوەی پێشووش کە لافاو رووخاندی”.
پێشتر بەنداوێکی تر هەبوو لە سەرچنار پێیان دەوت (بەنداوی چەقچەق) ئەوەیان ساڵی 2006 بەر لافاو کەوت و رووخا، ئێستا قسەیەک هەیە دیزاین بۆ ئەوەش بکرێتەوەو کاری تیا بکرێت، بەڵام ئەمجارە ناو دەندرێت (بەنداوی سەرچنار).
ئەم بەنداوەی ئێستا کە ئیشی تیا دەکرێت زۆر دڵی خەڵکی ئەو دەورووبەرەی خۆش کردووە، کاروان تاهیر کە دانیشتووی گوندی هەنارەیەو یارمەتی تیمی 964یدا تا گەیشتنە شوێنی بەنداوەکە وتی “”هیوادارم حەملەی هەڵبژاردن نەبێت و ئەمجارە تەواوی بکەن.