چۆن كراوە؟
عێراق: گەورەترین كارگەی ماددەی هۆشبەرمان لە ناو لوبنان لەناوبرد
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەڵوەشاندنەوەی گەورەترین کارگەی ماددەی هۆشبەری کاپتاگۆنی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو لوبنان راگەیاند، ئاماژەیان بەوەش كرد، بە هاوکاری لەگەڵ لوبنانییەكان ئەو كارەیان كردووە.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا هاتووە، “هاوکارییەکی نزیکی ئەمنی و هەواڵگریی نێوان وەزارەتی ناوخۆی عێراق – بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی دەوڵەت لە لوبنان، بووە هۆی دۆزینەوە و هەڵوەشاندنەوەی یەکێک لە گەورەترین کارگەکانی بەرهەمهێنانی کاپتاگۆن لە دۆڵی بیقاع لە لوبنان”.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، “ئەم دەستکەوتە لەسەر بنەمای ئەو زانیارییە دروستانە بووە کە دەزگا عێراقییەکان پێشکەشی هاوتا لوبنانییەکانیان کردووە، ئەمەش وایکردووە سوپای لوبنان لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی 2025دا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان ئەنجامبدات، کە لە ئەنجامدا دەستبەسەرداگرتنی کارگەکە و لەناوبردنی بڕێکی زۆر لە ماددە هۆشبەرەکانی لێكەوتەوە، کە مەبەست لێی دروستکردن و دابەشکردنی بووە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، ئەمە بەهێزترین لێدان بوو لە تۆڕەکانی ماددەی کاپتاگۆن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دووپاتیشی دەكەنەوە، “بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی دەوڵەت لە لوبنان، لە نامەیەکی فەرمیدا کە ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقی کردووە، پشتڕاستیکردووەتەوە، کە ئەم هاوکارییە هەواڵگرییە رەنگدانەوەی بەهێزی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵاتە.