"دەبێت یاسا سەروەر بێت"
ژنانى و کچانى کەرکوک بۆ پشتگیرى لە کەیسى دکتۆرە بان گردبوونەوە
964+
کاوان ساڵحی-کەرکوک
کەیسى ئاڵۆز و گوماناوى دکتۆرەکەى شارى بەسرا، ژنان و کچان و پیاوانى کەرکوکى هێنایە سەر شەقام و داوا دەکەن یاسا سەروەر بێت و کەیسەکە نەبێت بە شەڕەف و خۆکوژى.
ئەوان لەبەردەم بیناى کۆمیسیۆنى مافى مرۆڤ گردبوونەوە و دروشمەکانیشیان ئەوە بوون کە بێدەنگ نابن و دەبێت یاسا سەروەر بێت.
4ـى ئابى 2025، تەرمى دکتۆرە بان زیاد، پزیشکى دەروونى لەناو ماڵەکەى خۆى دۆزرایەوە، بەڵام کەیسەکە ئاڵۆزە و تائێستا روون نییە کوشتن بووە یان خۆکوژى، بڕیارە ئەمڕۆ راپۆرتى کۆتایى پزیشکى دادى لەسەر کەیسەکە دەربچێت و بۆ راى گشتى ئاشکرا بکرێت، هەندێ رێکخراو کەسایەتى سیاسى و مافى مرۆڤى عێراقیش دەڵێن،”لەبەر ئەوەى دکتۆرە بان ئەندامى لیژنەى پزیشکى بووە لە دۆسییەى براى هاوسەرى ئەسعەد عێدانى پارێزگارى بەسرە کە کچە مامۆستایەکى کوشتووە و دواتر لەلایەن دادگا بڕیارى لەسێدارەدانى بۆ دەرچووە، بووەتە هۆى ئەوەى بکوژرێت”.
سەمیرە کەریمات کە چالاکوانێکى ژنانە لە کەرکوک، بۆ 964 قسەى کردوو وتى،”بێدەنگ نابین، چونکە خۆکوژیی نەبووە، بەڵکو کوشتویانە وداوا دەکەین یاسا سەروەربێت”.
ئاروین بایز کە لە بوارى مافى مرۆڤ کار دەکات و لە گردبوونەوەکە بەشدارى کردووە، بە 964ـى وت،”دەمانەوێت ئەو بابەتە رێڕەوى یاسایى خۆى بگرێت و نەگۆڕێت، چونکە دەست و قاچى شکێندراوە و کوژراوە، بەهیچ شێوەیەک خۆکوژى نەبووە”.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح