پیاوى سوڵح و سەڵاحەت

هەوڵێک بەرەو خەڵاتى نۆبڵ؛ کۆبوونەوەى ترەمپ و پۆتین وەڵامدەرەوە دەبێت

964+

وریا فەتاح

ئەمڕۆ هەینی، 15ـى ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆکی رووسیا لە ویلایەتی ئالاسکا کۆدەبنەوە، گفتوگۆکردن لەسەر رێگاکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا مەبەست و نیازى سەرەکى کۆبوونەوەکەیە، ترەمپیش دەیەوێت لە رێگەى ئەو سوڵحەوە هەنگاوێکى تر نۆبڵى ئاشتى لەخۆى نزیک بکاتەوە.

بچێتە هەر سوڵحێکەوە کەس دەستن نانێت بەڕوویەوە

کۆبوونەوەى دوو سەرۆکە زلهێزەکەى جیهان لەخۆوە نەسازاوە، جگە لە نیاز و مەرامى ترەمپ بۆ ئاشتى، کۆبوونەوەکە بەرهەمى زنجیرەیەک جوڵە و هەوڵى دیبلۆماسییە بەتایبەت لەلایەن سەرۆکى ئەمریکاوە.

یەکێک لە جوڵەکان دەگەڕێتەوە بۆ شەشى ئەم مانگە، کاتێک ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، لە مۆسکۆ چاوی بە پۆتین کەوت و پێشنیارێکى ترەمپى خستە بەردەم سەرۆکى کۆشکى کرملین کە ئەویش کۆبوونەوەیەکى سێقۆڵییە لە نێوان پۆتن و زێلنسکى و ترەمپ، بەڵام پۆتن رەتى کردەوە، لەبەرامبەر ئەوەدا، زێلێنسکى وتى،”کەواتە بەبێ بەشدارى ئێمە ئاشتى بەدى نایەت”، هەر ئەوەش نا زێلێنسکى ئەوەندە توڕەبوو وتى،”کۆبوونەوەی ترەمپ و پۆتین زیاتر بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیانە”.

کاتێک ئەو هەوڵە بۆ کۆبوونەوەى سێقۆڵى شکستى هێنا، ترەمپ هاتە قسە و رایگەیاند کە سەرەتا لەگەڵ پۆتین کۆدەبێتەوە و پێی دەڵێت دەبێت جەنگ کۆتایی بێت، دواتر ئەگەر پێویست بکات لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکانی ئۆکرانیا و ڕووسیادا بەشدار دەبێت.

ترەمپ بەکەمتر لە ئاشتى رازى نابێت و چاوى لە نۆبڵە

نزیکەى حەوت مانگە ترەمپ سەرۆکە، هەر زوو رایگەیاند لەسەردەمى ئەودا دەبێت جەنگەکان بوەستن و ئاشتى بەرقەرار بێت، بۆیە هەموو هەوڵەکانى ترەمپ بۆ ئەوەیە لە رێگاى ئاشتییەوە نۆبڵ بباتەوە ببێتە پیاوى ئاشتى، هەر بۆیە لەو ماوەیەدا چەندین هەنگاوى گرینگى هاویشت بۆ وەستان و کۆتاییهێنان بە کۆمەڵێک شەڕ و ناکۆکى لە جیهاندا.

گرنگترین ئەو دەستکەوتانەی تا ئێستا بریتین لە:

یەکەم: رێککەوتنی ئاشتی ئەرمینیا و ئازەربایجان

رۆژی 8ـی ئابی 2025، بە نێوەندگیریی ترەمپ، ئەرمینیا و ئازەربایجان رێککەوتنێکی ئاشتی مێژووییان واژۆ کرد و کۆتاییان بە جەنگێکی چەندین دەیەیی نێوانیان هێنا، وەک بەشێک لە رێککەوتنەکە، رێڕەوێکی گواستنەوە بە ناوی “رێگەی ترەمپ بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانیی نێودەوڵەتی” دروست دەکرێت، هەردوو سەرۆکى وڵاتى ناکۆکیش ئیلھام عەلیێڤ و نیکۆل، دواى دەستگوشینى یەکترى کۆڵێک وەسف و سەناى سەرۆک ترەمپیان کرد و وتیان هەر ئەو شایەنى نۆبڵى ئاشتییە.

دووەم: وەستاندنی شەڕی هیندستان و پاکستان

ماوەى رابردوو هەردوو وڵات زنجیرەیەک بەیەکدادان و گرژى لە نێوانیان روویدا، ترەمپیش ئەوەى بەهەلزانى و پێى وتن ئەو شەڕە بوەستێنن، ئەوانیش لەسەر قسەى ترەمپ ئاگربەستیان راگەیاند.

سێیەم: کۆتاییهێنان بە شەڕی ئیسرائیل و ئێران: 

ئەوەیان نزیکترین شەڕە لە خۆمانەوە، موشەکەکان و درۆنەکان لە ئاسمانى عێراق و هەرێمى کوردستانەوە دەبیندران کە بەیەکتریانەوە دەنا و تەقریبەن 12 رۆژ بەردەوان بوو، بەڵام درەنگانێکى شەو ترەمپ بە تویتێک شەڕەکەى راگرت و وتى”تەواو شەڕ بەسە و دەبێت هەردولا پابەند بن”، ئەوانیش گوێڕایەڵ بوون و کۆتاییان پێهێنا، ئەوکات باس لەوەشکرا ترەمپ بە سەربەخۆ و بێ گەڕانەوە بۆ تاران و تەلئەبیب بڕیارى ئاگربەستى داوە.

چوارەم: رێککەوتنی ئاشتی لە کۆنگۆ

دوور لە خۆمان و  یەکێکی دیکە لە دەستکەوتەکانى ترەمپ بەرەو نۆبڵى ئاشتى، رێککەوتنی ئاشتی نێوان کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ و رواندا بووە کە یارمەتیدەر بووە لە کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکی دەیان ساڵە.

ئێستا ترەمپ خواخوایەتى لەشوێنێکى ئەم جیهانە شەڕ رووبدات و بچێت دوو قسەى خێرى تێدا بکات و بڵێت بیوەستێنن، هەموو ئەوەش بۆ ئەوەیە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بباتەوە.

ئەمە شاراوە نییە، کۆشکی سپی بە ئاشکرا باسی لەوە کردووە کە “ماوەیەکی زۆرە کاتی ئەوە هاتووە سەرۆک ترەمپ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەربگرێت”، ترەمپیش کەیفى بەو قسانە دێت و رۆڵى هێورکەرەوە و براگەورە دەبینێت و بچێتە هەر سوڵحێکەوە ئیلا چارەسەرى دەکات.

هەر خۆى ئاگرەکەى خۆشکرد و هەر خۆى ئاوێکى پێداکرد

هەر خۆى ئاگرەکەى خۆشکرد و هەر خۆى ئاوێکى پێداکرد