ئاگادارییەک لە وەزارەتی کارەوە:
“فێڵتان لێ دەکرێت بەناوی موچەی چاودێری کۆمەڵایەتییەوە”
964+
ژێوار خدر
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە لە جۆرێکی نوێی فێڵکردن کە تێیدا کەسانی نەناسراو بە ناوی وەزارەتەکەوە پەیوەندی بە خەڵکییەوە دەکەن و داوای زانیاری و پارەیان لێدەکەن، دەشڵیت رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگرینە بەر.
وەزارەتەکە راگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ماوەی چەند رۆژێکە، ژمارەیەکی نەناسراو بە ناوی “چاودێری کۆمەڵایەتی” و “وەزارەتی کار”ـەوە پەیوەندی بە خانەوادەی خاوەن پێداویستی تایبەت و کەسانی کەمئەندام و بەساڵاچووەوە دەکەن.
ئەو کەسانە بەڵێنی دابینکردنی موچەی کەمئەندامی و چاودێری کۆمەڵایەتییان پێدەدەن و لەبەرامبەردا داوای ناردنی زانیارییەکانی سەر کارتی نیشتمانییان لێدەکەن.
روونیشیکردووەتەوە، ئەو کەسانە داوای ناوی کەسانی دیکەی خاوەن پێداویستی تایبەت، نەخۆش، یان بەساڵاچوو دەکەن و دواتر بە ناوی ئەوانەوە پەیوەندی بە کەسانی دیکەوە دەکەن و داوای کارتی مۆبایل و حەواڵەکردنی پارەیان لێدەکەن.
دەشڵێت، “بە هەموولایەكی رادەگەیەنین، كە وەزارەتمان ئاگاداری ئەم بابەتە نییە و ئەمە بەشێكە لە فێڵ كردن و لەكاتی پێویست لە رێگە فەرمییەكانەوە خزمەتگوزاری و ئاگادارییەكانی بڵاو دەكەینەوە، بەرامبەر بەم فێڵ كردنەی ئەم گروپانەش رێكاری یاسایی دەگرینە بەر.”