دهۆک .. سێ پڕۆژەی کشتوکاڵی بەگوژمەی 20 ملیۆن دۆلار دروستدەکرێن

+964

عەمار عەزیز – دهۆک

بەگوژمەی 20 ملیۆن دۆلار سێ پڕۆژەی کشتوکاڵی لەقەزاکانی شێخان و بەردەڕەش مۆڵەتی وەبەرهێنان وەردەگرن.

کارگەی بستان بۆ بەرهەمهێنانی گوشتی بەستوو بەسەرمایەی نۆ ملیون و 500 هەزار دولارە لەسەر رووبەری 37 هەزار و 990 مەتردوجا دروستدەکرێت کە دەبێت لەماوەی دوو ساڵدا تەواو بێت.

کارگەی رۆڤیا بۆ بەرهەمهێنانی جگەرە و توتن بەسەرمایەی هەشت ملیون و 600 هەزار دولار کە ئەمەشیان دەبێت لەماوەی دوو ساڵدا تەواو بێت، هەرچی پڕۆژەی سێیەمە کە کۆگاکانی حوسێنە بۆ ساردکەرەوە و عەمبارکردنی بەرهەمەکانی چاندنە و سەرمایەی پڕۆژەکە دوو ملیون و 500 هەزار دولارە، ئەو پڕۆژەیە لەسەر رووبەری 27 هەزار و 690 مەتردوجا دروستدەکرێت.

هەرسێ پڕۆژە ستراتیژی و زۆر گرنگن، دەتوانن پێداویستی گۆشتی بەستوو، جگەرە و توتن و عەمبارکردنی میوە بۆ پارێزگای دهۆک و ناوچەکانی تر دابین بکەن

ئەو سێ پڕۆژەیە، ئەمڕۆ 21.2.2023 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی دهۆکەوە مۆڵەتیان پێدراوە و دەکەونە سنووری هەردوو قەزای بەردەڕەش و شێخان لەپارێزگای دهۆک.

فەلاح حاجی حەسۆ، بەرپرسی بەشی راگەیاندن لەبەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی دهۆک بە توڕی964ـی وت، هەرسێ پڕۆژە ستراتیژی و زۆر گرنگن، دەتوانن پێداویستی گۆشتی بەستوو، جگەرە و توتن و عەمبارکردنی میوە بۆ پارێزگای دهۆک و ناوچەکانی تر دابین بکەن.

دەشڵێت، بەتەواوبوونی ئەم پڕۆژانە سوودێکی یەکجار گەورە دەگەینێتە هاوڵاتیان، جگە لەمەش سەدان کرێکاری ناوخۆیی لەم کارگانە دەرفەتی کاریان بۆ دەرەخسێت.

پێداچوونەوەی: فەرمان سادق