لە دژی حەجاج
لە گەرمیان 125 کەسوکاری ئەنفالکراوان فۆرمی سکاڵایان پڕکردووەتەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لە دوای دەستگیرکردنی حەجاج رزگاربووانی قەڵای نوگرە سەلمان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە گەرمیان فۆرمی سکاڵا کردن لە دژی حەجاج پڕدەکەنەوە.
جەبار عومەر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە گەرمیان بە 964ـی وت، لە رۆژی دووشەممەوە لە بەڕێوەبەرایەتیمان کەسوکاری شەھیدان و رزگاربوانی قەڵای نوگرە سەلمان، دێن و فۆرمی تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی حەجاج تۆمار دەکەن.
“تۆمارکردنی فۆرمی سکاڵا تا رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت، لەگەڵ ئەوەی سبەینێش ھەینیە بەڵام دەوام دەکەن بۆ وەرگرتنی سکاڵا” جەبار عومەر وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، دوای پڕکردنەوەی ئەم فۆرمە لەرێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەند، ھەڵسەنگاندنی یاسایی بۆدەکرێت، دواتریش لەڕێگەی دادگا تایبەتمەندەکانەوە سکاڵا تۆمار دەکەن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی