لە بازاڕی هەولێر

نرخی تەماتە هەرزانە بەڵام خەیار بەناجێگیری ماوەتەوە

964+

رێباز خدر – هەولێر

تەماتە، یەکێکە لەو بەرهەمە سەرەکییانەی کە رۆژانە خواستێکی زۆری لەسەرە لەلایەن هاوڵاتییانەوە، کە رۆژانە بەنزیکەیی دوو ژەمی سەرەکی بەکاری دەهێنن.

دیار خالید، فرۆشیارێکی ناو بازاڕی شێخەڵای هەولێرە، کە ماوەی 25 ساڵە کاری فرۆشتنی تەماتە دەکات لە نێو بازاڕەکە ئەو دەڵێت، نرخی تەماتە جێگیرە، نرخەکەی زۆر گونجاو و هەرزانە بە بەراورد بە بەرهەمەکانی تر، کە نرخی یەک کیلۆ دەگاتە 250 دینار لە ئێستا دا.

ئەو بە 964ی وت، بە بەراورد بە ساڵی پار، نرخەکە جیاوازی زۆری هەیە، کە پار لەم کاتەدا نرخی هەزار و 250 دینار بوو، واتە جیاوازیەکە بۆ هەر کیلۆیەک 1000 دینارە، کە رێژەیەکی زۆرە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تەماتە لە خوارووی عێراق بە رێژەیەکی زۆر بەردەستە و خواست لەسەر تەماتەی کوردستان کەمی کردووە.

بەرهەمێکی تری سەرەکی رۆژانەی هاوڵاتییان کە ئەویش خەیارە، بەهۆی خواستی زۆر لەسەری لە ئێستادا نرخەکەی ناجێگیرە، رۆژانە بەردەوام گۆڕانکاری لە نرخەکەدا دەکرێت، بۆ هەر کیلۆیەک نرخەکە دەگاتە 1000 دینار.

هەر لە نێو بازاڕەکەدا، فرۆشیارێکی کۆنی لێیە، کە ماوەی 35 ساڵە کاری فرۆشتنی خەیارە، ئەویش “مام یاسین”ە، باس لەوە دەکات کە بەهۆی خواستی زۆر لەسەر خەیاری خۆمانەوە لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە، وای کردووە کە پێداویستی ناوخۆ نەتوانێت پڕ بکاتەوە، بۆیە نرخی خەیار ناجێگیر بەخۆیەوە دەبینێت و بەردەوام لە گۆڕانکاری دایە.

پارێزگای هەولێر، رۆژانە پێویستی بە 20 تۆن تەماتە و 15 تۆن خەیار هەیە، ئەم رێژەیەش گۆڕانکاری بەسەر دادێت بە پێی خواستی رۆژانەی هاوڵاتییان.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

بەهەرەوەزی تەماتە دەچنن و 100 تۆن بەرهەمیان هەبووە

بەهەرەوەزی تەماتە دەچنن و 100 تۆن بەرهەمیان هەبووە