لەشوانکارییەوە بۆ کۆکردنەوەی قوتوو

هەردوو قاچى لەدەستداوە؛ چیرۆکی مستەفا کە خەون بە مووچەیەکەوە دەبینێت

کاروان ساڵحى- کەرکوک

مستەفا یونس، پیاوێکی تەمەن 40 ساڵە کە تەقینەوەى لوغمێک چیرۆکێکی سەختی بۆ نووسیوەتەوە، بەڵام ئەو هێشتا بە دوو قاچی پۆڵایینەوە کۆڵنادات و بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی، شەقام و زبڵدانەکانی کەرکوک دەکاتە شوێنی کارکردنی.

مستەفا، کە 24 ساڵ لەمەوبەر لە کاتی کاری شوانکاریدا لە ناحیەی قادر کەرەم بەهۆی تەقینەوەی لوغمێکەوە هەردوو قاچی لەدەستداوە، ئێستا رۆژانە قوتووی بەتاڵ کۆدەکاتەوە.

ئەو بە 964ـی وت: “تەمەنم 40 ساڵە و خەڵکی کفریم، بەڵام دواتر لە قەزای دووزخورماتوو نیشتەجێبووین تا ساڵی 2015.”

لوغمێک تەقیەوەو ژیانی مستەفای بە تەواوی گۆڕی، وەک باسى دەکات دواى تەقینەوەى لوغمەکە لە شوانکارەییەوە ژیان بۆ کاری دارتاشی و ئاسنگەری و مریشک فرۆشى گۆڕاوە و ئێستاش قوتوو کۆدەکاتەوە.

تەقینەوەکە نەک هەر قاچەکانی لێسەندەوە، بەڵکو کاریگەری لەسەر مێشکیشی جێهێشتووە، وەک خۆی دەڵێت: “مێشکم تەواو نییە و هەفتانە بە بڕی 25 بۆ 30 هەزار دینار دەرمان دەکڕم.”

مستەفا لە ساڵی 2015 بە ناچاری و بە قاچاخ روو لە ئەڵمانیا دەکات بە هیواى وەرگرتنی چارەسەر، بە قەرزوقۆڵە خۆى گەیاندە ئەو وڵاتە و لەوێ چوار نەشتەرگەرى بۆ ئەنجامدرا، نۆ ساڵ لەوێ مایە و و دواتر گەڕایەوە.

ئەو کە ماوەی ساڵێکە گەڕاوەتەوە بۆ کەرکوک، ئێستا تەنها یەک ئاواتی هەیە: “دەمەوێت مووچەیەکم بۆ ببڕنەوە، بەڵام واستەی دەوێت.”

جگە لە زمانی کوردی، تورکمانی و عەرەبی، مستەفا زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانیش دەزانێت.

مستەفا تا ئێستا ژنی نەهێناوە و لەگەڵ خوشکێکی لە کەرکوک لە ناوچەیەکى تەجاوز دەژین، بەڵام بەهۆى کەمدەرامەتیانەوە تائێستا مۆلیدەى رانەکێشاوە و مۆلیدەیەکیان کڕیوە و رۆژانە تەنیا یەک کاتژمێر ئیشى پێدەکەن ئەویش بۆ کارپێکردنى ماتۆڕى ئاوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح