بەڕێوەبەرایەتى ئەندازەى پارکەکان:

سەنتەرى هەولێر؛ رێژەى سەوزایى بۆ نزیکەى 20% بەرز بووەتەوە

964+

وریا فەتاح

ئەندازەى پارکەکانى هەولێر ئاشکراى دەکات، لە ماوەى شەش ساڵى رابردوودا، زیاتر لە 522 هەزار نەمامیان چاندووە و رێژەى سەوزایى سەنتەری شاریش لە ستانداردى جیهانى نزیک دەبێتەوە.

رێبین ئەحمەد بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر بە 964ـى وت،” لە ماوەی كابینەی نۆیەم کە دەکاتە شەش ساڵى رابردوو، زیاتر لە 522 هەزار نەمام و 370 هەزار گوڵ لە هەولێردا چاندراون و ئەوەش ژمارەیەکى زۆرە”.

ئاشکراى کردووە، رێژەى سەوزایی لە شاری هەولێر بۆ نزیكەی 20% بەرزبووەتەوە، ئەمەش نزیکى دەکاتەوە لە ستانداردى جیهانى کە لە ناوشاردا رێژەکەى 25 بۆ 30%ـە.

چەندین پارکی گەورە و ناسراو لە هەولێردا هەن کە رۆژانە پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان و گەشتیاران دەکەن، لەنێو ئەم پارکانەدا، پارکی سامی عەبدولڕەحمان بە یەکێک لە گەورەترین پارەکانی عێراق دادەنرێت، کە رووبەرێکی بەرفراوانی سەوزایی لەخۆى دەگرێت، هەروەها، پارکی شانەدەر کە بە دیزاینە جوانەکەی و بوونی تەلەفریک ناسراوە، پارکی منارە و پارکى پێشمەرگە و گڵکەند و دەیان پارک و باخچەى دیکە، سیمایەکى جوانیان بە پایتەخت بەخشیوە.

وەک ئەوەى بەڕێوەبەرى ئەندازەى پارکەکان باسى دەکات، پێوەر زۆرە بۆ ستانداردى جیهانى، بەتایبەت لەڕووى رووبەرى سەوزایى و قەبارە و تەمەنى دارەکان، بەڵام بە گشتى لە ئێستای جیهاندا، ستانداردى جیهانى بۆ سەوزایى ناو سەنتەرى شار 25 بۆ 30%ـە.

روونیشى کردەوە، شارەوانى هەولێر بۆ هەر گەڕەکێکى نوێ لە دیارییکردنى رەگەزى زەوییەکان، 25%ـى وەک رەگەزی سەوزایى دیارى دەکات.

لە هەولێر 668 نافورە و پارک و باخچە و دورگەى نێوان شەقامەکان هەن لەو ژمارەیە 25 دانەیان پارکى گەورەن

ئاماژەى بەوەشکرد، لە ئێستادا سێ پارکى نوێ لە هەولێر دروست دەکرێن، یەکێک لەوانە پارکى رەشکێنە کە قۆناغى یەکەمى کارەکانى تەواو بووە، پارکى 120ـى لەم رۆژانەدا تەواو دەبێت و پارکى 150یش تەواو بووە.

وشکەساڵى چ کاریگەرییەکى لەسەر پارکەکان و سەوزایى هەولێر هەبووە؟، لە وەڵامى ئەم پرسیارەدا رێبین ئەحمەد وتى،”کاریگەرییەکەى زۆر بووە، تووشى ماندوبوونى زیاترى کردین و گەشەى دارەکانیشى تاڕادەیەک پەکخستووە، بەڵام وردەکارى زیاترمان کردووە و چاودێرى زیاترى باخچە و پارکەکانمان کردووە و نەمانهێشتووە شوێنپەنجە جێبهێڵێت”.

نافورەکانى ناو شارى هەولێر پاککرانەوە

نافورەکانى ناو شارى هەولێر پاککرانەوە